شەڕی تورکیا و پەکەکە زیاتر لە 10 ملیار دینار زیانی لە گوندنشینانی باتیفا داوە


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئامارێکی قایمقامیەتی باتیفا، لە 30 ساڵی رابردوودا و بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 10 ملیار دینار زیان بە دانیشتووانی 17 گوندی سنووری قەزا نوێیەکە کەوتووە.
 
جەهوەر غازی، دانیشتووی گوندی بانکێ -یە و یەکێکە لە زیانبەرکەوتووانی شەڕەکە، دەڵێت، "بە بەهای پێنج وەرەقە زیان بەر خانووەکەم گەیشتووە، هەروەها زیاتر لە 20-25 وەرەقەش زیان بە ئۆتۆمبێلەکەم گەیشتووە، نزیکەی 20-30 وەرەقەش زیان جنیک کەوتووە، چونکە هەموو ئەو بەرهەمەی چاندبوومان وێران بوون."
 
لە سنووری قەزای باتیفا زیان بە 67 خانوو گەیشتووە کە زیانەکانیان بە دوو ملیار و 10 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێن.
 
ئەحمەد ساڵح، یەکێکی دیکەیە لە زیانبەرکەوتووانی تۆپبارانی تورکیا و دەڵێت، "ساڵی 2020 بوو سوپای تورکیا هاتنە نێو گوند و دوای دوو رۆژ فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی گوندەکەی کرد."
 
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە زیانی بەرکەوتووە، تاهیر بانکییە، ئەو پێنج دۆنم زەوی هەیە و دەڵێت، نزیکەی 17 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە. دەشڵێت، "جنیک نەماوە تۆپێکی بەرنەوکەتبێت، هەر یەکێک تۆپێکی بەرکەوتووە. جگە لەوەش خەڵک ناوێرن لەبەر تۆپ بێنە نێو باخەکانیان و بەرهەمی ئەمساڵی هەنار و سێو و هەنجیر هەمووی مایەوە و خەرج نەبوو."
 
قایمقامیەتی باتیفا دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ئەوەی زیانەکان خەمڵاندنی بۆ بکرێت.
 
فەرهاد مەحموود، قایمقامی باتیفا باسی لەوە کرد، "ئەمە دوو ساڵە سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانین و بەرزی دەکەینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دواتر بۆ حکومەتی عێراق بۆئەوەی قەرەبووبکرێنەوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێک دیار نییە."
 
77 گوند دەکەونە سنووری قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەو رێژەیەش 18 گوند بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون.