دووكانداران زیانی ئاگرەكەی لەنگە بەنیو ملیار دۆلار دەخەمڵێنن

29-10-2018
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن لەنگە
A+ A-
رووداو- هەولێر

دووكاندارانی بازاڕی لەنگە زیانەكانی سووتانی بازاڕەكەیان بە نیو ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، ئەوان چاوەڕێن حكومەت قەرەبوویان بكاتەوە. شایەتحاڵێكی رووداوەكەش دەڵێت ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە لە یەكێك لە دووكانەكانی بازاڕەكە كەوتووەتەوە. 

پریشكی ئاگرەكە

شەوی 25/10/2018 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر كەوتەوە، یەكەم شایەتحاڵی رووداوەكە فەرمان محەممەدە كە پاسەوانی بازاڕەكەیە و لە شوێنی رووداوەكە بووە. فەرمان بە (رووداو)ی گوت: "لەگەڵ كۆسرەت مستەفای پوورزام ئەو شەوە پاسەوانی ئەو بەشەی بازاڕەكە بووین. پاسەوانەكان لە شوێنی خۆیان بوون، بەڵام كەشوهەوا باش نەبوو، بایەكی زۆری دەهات، كاژێر 3:15 خولەك ئۆتۆمبێلێك لەلای گازینۆكانی شەقامی 100 مەتری راوەستا، منیش لایتم لێدا و لەگەڵ شوفێرەكە قسەم دەكرد، رووناكییەكی گەورە لەناو بازاڕەكە دەركەوت. رامكردە ژوورەوە، بینیم ئاگر لە دووكانێك بەرز دەبێتەوە، 6 گڵۆپی گەورە لەپێش دووكانەكە هەڵواسرابوون. پێشتر چەند جارێك ئاگادارمان كردبووەوە كە مەترسی شۆرتی كارەبا هەیە، دڵنیام كە شۆرتی كارەبا بوو، بەڵام نازانم شۆرتەكە لە كێبڵەكانی دەرەوە دروستبوو یان گڵۆپەكانی ئەو. پریشكی ئاگرەكە كەوتە سەر جلوبەرگەكانی عارەبانەیەكی بەردەم دوكانەكە و سووتا. بەهۆی بایە زۆرەكەشەوە لەماوەی كەمتر لە خولەكێكدا نزیكەی شەش دووكانی دیكەش سووتان.

رووداوەكە تەنیا لەو شوێنەی بازاڕەكە نەبووە، فەرمان دەڵێت: "لەناكاو لەنێو كۆڵانی مۆبایلفرۆشەكانیش دەنگێك هات. رامكردە ئەوێ بینیم لەوێش شۆرتی كارەبا ببوو، چەند كێبڵێكی كارەبا دەكەوتنە خوارەوە و ئاگریان لێ بەرزدەبووەوە".

پاسەوانەكە نەیتوانیوە هیچ بكات، تەنیا تەقەی كردووە بۆ ئەوەی دەوروبەرەكەی ئاگادار بكاتەوە و دەڵێت: "من هیچم پێنەدەكرا، تەنیا دەمتوانی تەقەی هەوایی بكەم، 75 فیشەكم تەقاند، ئینجا پەیوەندیم بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە كرد كە زۆر نزیك بوون لێمانەوە، بەڵام كەسیان نەهاتن، تەلەفۆنم بۆ ئاگركوژێنەوە كرد، دوای 40 خولەك ئینجا ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوە هات".

شۆڕتی كارەباكە لە دوكانی رەمەزان عەبدوڵڵای 46 ساڵەوە دروستبووە و دواتر نزیكەی نیوەی دووكانەكان سووتان. رەمەزان زوو گەیشتووەتە شوێنی رووداوەكە. ئەو دەڵێت "ماڵم لە نزیك بازاڕەكەیە، كاژێر 3:50ـی بەرەبەیان گوێم لە دەنگی تەقە بوو، چوومە دەرەوە بینیم دووكەڵ لە بازاڕەكە بەرزدەبێتەوە. ئاگر لە سێ كۆڵانی بازاڕەكە بەرزدەبووەوە، لەماوەیەكی كەمدا ئاگرەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو". سەبارەت بەوەی كە دەگوترێ‌ ئاگرەكە لە دوكانەكەی ئەو كەوتووەتەوە، مام رەمەزان دەڵێت: "سەرەتای رووداوەكە لەوێ نەبووم، بۆیە نازانم ئاگرەكە لە دووكانی منەوە دروستبووە یان دووكانێكی دیكە". 

كارەبا.. گەورەترین كێشەی بازاڕەكە

بازاڕی لەنگە ئەنجوومەنێكی 7 كەسی هەیە كە بەدواداچوون بۆ كێشەی كارەبا و ئاو و موەلیدەكانی بازاڕەكە دەكەن، ئەوان نایشارنەوە گەورەترین كێشە و مەترسییان كارەبا بووە، یاسین خدر، ئەنجوومەنی بازاڕەكە بە (رووداو)ی گوت: "ساڵی 2004 هاتینە ئەم بازاڕە، خەڵكەكە هەژاربوون و حكومەتیش توانای نەبوو بازاڕێكی باش دروستبكات، بۆیە ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبای بازاڕەكە لە سەرەتاوە بەناڕێكی هێنراوە و تاوەكو ئێستاش چاك نەكراوە، هیچ شتێك لەم بازاڕە بە سیستەم نییە، نە كارەبا نە موەلیدە نە هیچ شتێك". 

گوتیشی: "ئەو كارەساتەش بەهۆی شۆڕتی كارەباوە دروستبوو، چەندینجار داوامان لە بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر كردووە كارەبای نیشتمانی بازاڕەكە لە كارەبای ماڵان جیابكاتەوە و بە شەوان كارەبای بازاڕەكە ببڕێت، بەڵام حكومەت نەیكرد".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی بازاڕەكە دەشڵێت، پێشتر هەموو كێشەكانی بازاڕەكەیان بە پارێزگاری هەولێر گوتووە، بڕیار بوو لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی كێشەكانی بازاڕەكە پێكبهێنرێت، بەڵام فریانەكەوتن و ئەو كارەساتەی لێكەوتەوە.

یاسین پێیوایە سووتانی بازاڕەكە كە هاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستی خاوەن دووكانەكان تەنیا رێكەوتە و هیچ دەستێكی لەپشت نەبووە: "رووداوەكە بەهۆی شۆرتی كارەبا بووە و هیچ كەسێكیش لەپشتی سووتانی بازاڕەكە نەبووە".  گوتیشی: "ئەم بازاڕە نە تێكدەدرێت و نە دەشگوازرێنەوە".

سەبارەت بە زەرەر و زیانەكانیش، ئەنجوومەنی بازاڕەكە و بەرگریی شارستانی ئاماری جیاواز دەدەن، یاسین خدر دەڵێت: "زیانەكان نەخەمڵێنراون، بەڵام 1800 دووكان سووتاون".

عەمید شوان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی هەولێریش دەڵێت: "تەنیا 800 دووكان لە بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتاون".

"زەرەر و زیانەكان نزیكەی 500 ملیۆن دۆلارن"

ئەگەرچی هێشتا بەرگری شارستانی نەیتوانیوە زەرەر و زیانەكان بزانێت، بەڵام نوێنەرێكی دووكاندارەكانی بازاڕی لەنگە لەبارەی بڕی زەرەر و زیانی سووتانی بازاڕەكە دەڵێت: "2000 دووكان سووتاون و بڕی زیانەكەش بە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمە تەنیا كەلوپەلی ناو دووكانەكانە جگە لە سووتانی دووكانەكان خۆیان".

بازاڕی لەنگەی هەولێر 18 پاسەوانی هەیە، لوقمان واحید كە هەر لە سەرەتاوە خۆی و كوڕەكەی پاسەوانی بازاڕەكەن، گوتی: "بازاڕەكە 18 پاسەوانی هەیە و كاژێر 8ـی بەیانی بۆ 8ـی شەو 9 پاسەوان و لە 8ـی شەویشەوە تا 8ـی بەیانی 9 پاسەوانی هەیە، لە هەر دووكاندارێك 6 هەزار وەردەگرین و مووچەی مانگانەمان 500 هەزار دینارە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە