موەلیدەکان بەراورد بە مانگی رابردوو کەمتر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێر کەمتر دەبێت

29-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و زیاترکردنی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو، نرخی ئەمپێری موەلیدە کەمتر دەبێت.
 
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سلێمانی بۆ مانگی 9 نرخی ئەمپێرێک موەلیدە نزیکەی 12 هەزار دینار دەبێت.
 
مانگی رابردوو لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخی یەک ئەمپێر موەلیدە لەنێوان 16 بۆ 18 هەزار دینار بوو. لە هەڵەبجە نرخی دیاری نەکراوە، بەڵام مانگانە نرخەکەی هاوتای نرخی ئەمپێری موەلیدەیە لە سلێمانی.
 
مانگی رابردوو موەلیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر 335 بۆ 450 کاژێر بەگوێرەی گەڕەکەکان کاریان کردبوو؛ نرخی ئەمپێریش تێكڕا 15 هەزار و 500 دینار بوو.
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، نرخی ئەم مانگە دیاری نەکراوە، بەڵام پێدانی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە لەنێوان 325 بۆ 410 کاژیر بووە.
 
مانگی رابردوو لە دهۆک یەک ئەمپێر موەلیدە 16 هەزار و 500 دینار بوو؛ بۆ مانگی نۆ لەو بڕە کەمتر دەبێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی دیاری نەکراوە.
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە