رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆن 100 هەزار کاخەزى دەنگدان زیاتر لە ژمارەى ئەو دەنگدەرانە چاپ دەکات، کە دەتوانن دەنگ بدەن، دواى هەڵبژاردنیش ئەو کاخەزانەى لە کۆگاکاندان بێکەڵک دەکرێن و لەناو دەبرێن.
محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کاخەزى زیاتر لە ژمارەى دەنگدەرانى خاوەن کارتى بایۆمەترى چاپ دەکرێن، بە بڕى زیاتر لە 100 هەزار کۆپى، ئەوەش لەبەر ئەگەرى بێکەڵکبوونى هەندێک لەو کاخەزانە.
دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، کە خاوەنەکانیان دەتوانن لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەنگ بدەن، بەوپێیەى ژمارەى ئەو کاخەزى دەنگدانانەى چاپ دەکرێن زیاتر لە سێ ملیۆن کاخەز دەبێت.
محەممەد یونس گوتى "لەدواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەى، تەواوى کاخەزەکانى دەنگدان بێکەڵک دەکرێن و لەناو دەبرێن کە لە کۆکاگانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان کۆگاکرابن، یان لە ناوەندى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا".
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، پێنج جۆرى کاخەزى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چاپ دەکات، چواریان بۆ چوار بازنەى هەڵبژاردنى هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و پێنجەمیان بۆ دەنگدانى تایبەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ