چیرۆکی هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی؛ '50 بۆمب نەیانتوانی سەرۆکی کوردان بکوژن'

رووداو دیجیتاڵ
 
53 ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی دا تێدەپەڕێت. هەواڵەکە زوو سنوورەکانی جیهان دەبڕێت، بەجۆرێک رۆژنامەی بەنێوبانگی تایمزی بەریتانی دەنووسێت: 50 بۆمب نەیانتوانی سەرۆکی کوردان بکوژن.
 
رۆژنامەکە هەروەها باسی پیلانە ئاڵۆزەکە دەکات، دەڵێت مەلا مستەفا زیانی پێنەگەیشتووە و بێ زیان رزگاری بووە.
 
موراد مستەفا، شایەتحاڵی رووداوەکەیە لە 1971 و دەڵێت، "ئێرە [شوێنی رووداوەکە] بۆنی خوێنی لێ دەهات، شوفێری دوو ئۆتۆمبێلەکە خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، بە نارنجۆک و تفەنگ شەڕیان دەکرد، تاوەکو بە دۆشکە لێیان دان و پیلانەکەی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە 15ـی ئەیلوولی ساڵی 1971 دایڕشتبوو، دوای 14رۆژ لە رێگەی 9 مامۆستای ئایینی و دوو شۆفێرەوە جێبەجێکرا".
 
ئەو 11 کەسەی هەواڵگریی عێراق ناردبوونی لە تەقینەوەکە و رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژران، پێشمەرگەیەکیش شەهید بوو.
 
دڵشاد عەبدوڵڵا، شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکەیە و دەڵێت، "برادەرێکم ناوی شلیمۆن بوو و مەسیحی بوو، بریندار بوو، زەکی ئاکرێیی بریندار بوو، چاییچیەکەی مەلا مستەفا بارزانیش شەهید بوو، هەموو خەڵک بە موعجيزە سەیری مەلا مستەفا دەکات بە موعجیزەش رزگاری بوو، مەلا مستەفا هێندە بە بەزەیی بوو هەر دەیگوت مەیانکوژن و دەستگیریان بکەن".
 
پیلانی تیرۆرکردنەکە دوای نزیکەی ساڵێک لە رێککەوتننامەی 11ـی ئازار بوو، ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار هێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا حکومەتی عێراقی ناچارکرد دان بە هەندێک لە مافەکانی گەلی کورد دا بنێت.
 
ئەحمەد بارزان، قایمقامی چۆمان و رێخەری یادەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەرکی سەرەکی ئێمە وەکو حکومەت و ئیدارەی ناوچەکە ناساندن و باسکردنی ئەو رووداوەیە بۆ نەوەی نوێ".
 
دەسەڵاتدارانی بەعس کاتێک دەزانن پیلانەکە شکستیهێناوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن 'پیلانگێڕان' مەبەستیان تێکدانی ئاشتی نێوان کورد و حکومەتی عێراقە، داوای سزادانی بکەرانی تیرۆرکردنەکەش دەکەن.
 
دەقی هەواڵەکەی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی:
 
50 بۆمب نەیانتوانی سەرۆکی کوردان بکوژن 
 
لەلایەن نێردراومان
 
بەیروت، 30ـی ئەیلوول
 
رادیۆی بەغدا ئەم شەو رایگەیاند، ئێوارەی رابردوو هەوڵێک دراوە بۆ کوشتنی سەرۆکە 70 ساڵییەکەی کورد مەلا مستەفا بارزانی، بەڵام بێ زیان رزگاری بووە.
 
بەپێی رادیۆکە، ژمارەیەک کەس هاتبوونە سەردانی مەلا مستەفا لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوپەڕی باکووری عێراق نزیک لە سنووری ئێران.
 
گروپەکە [سەردانکەرەکان] زیاتر لە 50 بۆمبی تەوقیتکراو [کات بۆ دانراو]  و نارنجۆکیان پێبووە کە لە کاژێر 05:00 بەکاتی ناوخۆیی تەقیونەتەوە، هەندێک لە بۆمبەکان لە بارەگاکە و هەندێکیان لەو دوو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە کەسەکانی گەیاندبوون.
 
رادیۆکە گوتی، سێ لە پیاوەکانی هێزە نیمچە سەربازییەکەی مەلا مستەفا کوژراون و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەندێک لە پیلانگێڕان بە تەقینەوەکان کوژران و هەندێکیان لەلایەن پاسەوانەکانی مەلا مستەفاوە لەنێوبران. هەندێک ئاگریش کەوتووەتەوە.
 
سەرکردەکانی پارتی بەعسی دەسەڵاتدار لە بەغدا نامەیەکی بەپەلەیان بۆ مەلا مستەفا ناردووە، [تێیدا] ئیدانەی ئەو هەوڵەیان کردووە و دەڵێن مەبەست لێی تێکدانی ئەو ئاشتییەیە کە هاتووەتە ئاراوە لە ئەنجامی بەیاننامەی 11ـی ئازاری 1970، کە کۆتایی بە دەیەیەک شەڕی ناوخۆ هێنا لەنێوان کورد و هێزەکانی حکومەت.
 
نامەکە داوای لێکردووە وردەکاری [هێرشەکە] بنێرێت و گوتوویەتی ئامادەن ئەو کەسانەی لە پشت ئەو پیلانەوە بوون بە سزای یاسایی بگەیێنن. 
 
رووداو: ئەمە دەقی هەواڵی لاپەڕە 9ـی رۆژی 1-10-1971ـی رۆژنامەی تایمز The Timesـی بەریتانییە. ئەم رۆژنامەیە لە ئەرشیڤی ئەکادیمی کورد (ئامەد دەمیرخان) دا پارێزراوە و وێنەیەکی بۆ رووداو ناردووە.