گەنجێکی دهۆک 70 هەزار دۆلاری لە قوماردا دۆڕاندووە؛ "رۆژانە ملیۆنێک دۆلاری خەڵک دەچێتە دەرەوە"


رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان سەدان کەس بوونەتە قوربانیی قوماری ئەلیکترۆنی. گەنجێکی خەڵکی دهۆک 70 هەزار دۆلاری لە قوماردا دۆڕاندووە، لە داخان لە نهۆمی سێیەمی باڵەخایەکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و هەردوو قاچەکانی شکاوە.
 
ئەو گەنجە پارەکانی خۆی، ئۆتۆمبێلی برای و زێڕی هاوژینی براکەی، هەمووی فرۆشتووە و لە قوماردا دۆڕاندوویەتی، دەڵێت: "ویستم کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم، بۆیە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک خۆم فڕێدایە خوارەوە، چونکە شەرمەزاری ماڵەوە بووم و نەمدەتوانی بڕۆمەوە. داوا دەکەم ئەو جۆرە قومارە قەدەخە بکرێت."
 
پلاتفۆڕمی قوماری ئەلیکترۆنی زۆر و جیاوازن، یەکێکیان لە پارێزگای دهۆک بڵاوبووەتەوە و خەڵکانێکی زۆر ئاڵوودەی بوون. گەنجێکی دیکەی دهۆک تووشی ئەو سیستمە بووە و دەڵێت، هەرچی هەبووە لەو قومارەدا دۆڕاندوویەتی.
 
جێگر بە رووداوی گوت، پارەی پێنج خانوو و دوو شوقەی لەو سیستمەدا دۆڕاندووە، ئێستاش 530 هەزار دۆلار قەرزارە و داوا دەکات حکومەت بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە قومارە بکات: "هەرچی هەمبووە دۆڕاندوومە، 130 دەفتەرم لە قومار داوە، پارەی خۆم و هاوڕێکانم، پارەی برادەرێکی خۆم لە ئەمریکا هەموویم دۆڕاندووە. کێشەیەکی گەورەم بۆ دروستبووە".
 
ئەو هاونیشتمانییەی پارەی بە جێگر داوە، هەشت مانگە لە ئەمریکاوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، 280 هەزار دۆلاری لایەتی.
 
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "من ئۆتۆمبێلم لە ئەمریکاوە بۆ جێگر دەکڕی و دەمناردە دهۆک، ئەو لێرەوە دەیفرۆشت، چەند مانگێکە داوای پارەی لێ دەکەم، هەر نەیدەنارد، کەچی تووشی قومار بووە و 130 دەفتەری لە قومار داوە، من 28 دەفتەرم لایەتی، 13 دەفتەری هی برادەرێکە، نازانم چی بکەم، بچم سکاڵاش بکەم نازانم دەنگم بەکوێ دەگات".
 
نەک تەنیا پیاوان، ماڵباتەکانیشان قوربانیی سیستمی قومارن. ژنێک دەڵێت، "ئەو سیستمە ماڵی ئێمەی وێران کردووە، پیاوەکان قومار دەکەن، ئێمە دەبینە قوربانی".
 
بەگوتەی ئەو کەسانەی ئاڵوودەی ئەو سیستمە بوون، رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری خەڵک لە دهۆکەوە دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.