دوو ساڵە خێزانێکی خەڵکی هەولێر لە ئێران گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی خەڵکی هەولێر بەمەبەستی "چارەسەری پزیشکی" دەچنە ئێران، دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان لەو وڵاتە لە ساڵی 2022، وڵاتینامەی ئەو خێزانە بەسەر دەچێ و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، کێشەی ئەو خێزانەیان گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و "دەیانگەڕێنینەوە".
 
خێزانەکە لە 28-09-2022 چوونەتە ئێران. کاتێک رۆیشتوون 5 کەس بوون، ئێستا منداڵێک لە خێزانەکە لەو وڵاتە لەدایکبووە. سنۆبەر عەبدولڕەحمان، هاونیشتمانیی خەڵکی هەولێر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "دوای خۆپێشاندانەکان، پزیشکی منداڵەکەم گەڕایەوە ئەمریکا و بڕی یەک دەفتەر دۆلاریشمان پێیدابوو، پارەکەمان رۆیشت و لێرە گیرمانخوارد."
 
 
وڵاتینامەی سێ منداڵی ئەو هاونیشتمانییە لە 23-09-2023 بەسەرچووە. سنۆبەر گوتی: "ویستمان بگەڕێینەوە لە سنوور لە دیوی ئێران گوتیان 'بۆ هەر پاسپۆرتێک دەبێ 8 ملیۆن تمەن سزا بدەن'. ئێمەش ئەو پارەیەمان نەبوو بیدەین تاوەکو بگەڕێینەوە".
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خێزانە دەدات. عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەرپرسیار گوتی: "رۆژانی 25 و 26-09-2024 سەرۆکایەتیی شاندێکم کرد و چووینە تاران، کێشەی ئەو خێزانە خاڵێکی کۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران. بەڵێنمان وەرگرت بۆ چارەی کێشەکە. سزایەکی زۆر کەوتووەتە سەر وڵاتینامەکانیان. لێخۆشبوون بۆ پارەی سزاکە دەردەچێ و باڵیۆزی عێراقیش لە تاران وڵاتینامەی گەڕانەوەیان پێدەدات."
 
 
بۆ بەدواداچوونی زیاتری کێشەی ئەو ماڵباتە، رووداو پەیوەندی کرد بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران. سەلام عارف، جێگری نوێنەرایەتییەکە لە تاران بە رووداوی گوت: " قسەم لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە تاران کردووە، باڵیۆز ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکە و رێکارەکانی لێخۆشبوونی سزای سەر وڵاتینامەکانیان بۆ دەکەن."
 
 
سنۆبەر عەبدولڕەحمان گوتی: هاوژینەکەم بێسەروشوێنە و نازانم لە کوێیە و هیچ هەواڵێکی نییە. سەلام عارف دەڵێت: "هاوژینی سنۆبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە. بۆ چارەسەری کێشەکە دەبێ هاوژینەکەی لە باڵیۆزی عێراق لە تاران ئامادەبێ یان دەبێ وەکالەیەک بکات و سنۆبەر بیباتە تاران بۆ راییکردنی مامەڵەی گەڕانەوەکەیان."
 
سەرۆکی ژووری پارێزەرانی شەقڵاوە لە بەرپرسیار هۆکارێکی درێژکێشانی کێشەی ئەو ماڵباتە بۆ "نەزانین"ی رێکارەکان گەڕاندەوە. خەلیل ئیبراهیم گوتی: "پێدانی ڤیزا بە هەر وڵاتینامەیەک لانیکەم دەبێ ئەو وڵاتینامەیە شەش مانگ وادەی بەسەرنەچوونی هەبێ. وڵاتینامەی عێراقی کاتێک لە هەر وڵاتێک بەسەردەچێ، ئەرکی باڵیۆزە لەو وڵاتە کێشەکەی چارەسەر بکات. پێم وایە ئەو خێزانە لە فەقیرحاڵی خۆیان یان نەزانینیان سەردانی باڵیۆزی عێراق لە تارانیان نەکردووە."
 
 
ئەو خێزانە پێش رۆشتنیان بۆ ئێران، لە هەولێر لە سنووری ناحیەی رزگاری نیشتەجێبوون. سنۆبەر و چوار منداڵی، ئێستا لە گوندێکی سنووری شاری شنۆ کاری ئاژەڵداری دەکەن. وەک باسیدەکات، بەهۆی شووکردنی دووەمی، کەسوکاری "حاشا"یان لێکردووە. "باوکم شەهیدە، داوای هاوکاریم لە کەسوکارم کرد کەسیان ئامادەنەبوون هاوکارم بن. تەنیا دەمەوێ بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە