5916 چاودێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق داوا لە بەربژێر و حیزب و لایەنەکان دەکات، پابەندی رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بن، ئاشکراشی دەکات، تاوەکو ئێستا 5916 چاودێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن تۆمارکراون و داواش لە هەموو چاودێر و رێکخراوەکان دەکات "ئەگەر بیانەوێت چاودێریی هەڵبژاردن بکەن، خۆیان تۆمار بکەن".
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-9-2024، راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆن بڵاوکردەوە کە رۆژی 24-9-2024 ئەنجامدراوە. گوتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوا لە بەربژێر، حیزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکات، پابەند بن بە سیستمی هەڵبژاردنەکان ژمارە 2ـی ساڵی 2023 بۆ رێکخستنی بانگەشە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە سەرپێچی. جەختیش دەکاتەوە "لەپێناو رێکخستنی بانگەشە، کۆمەڵێک لیژنەی سەرەکی و لاوەکی دروستکراون و چاودێریی بانگەشە دەکەن".
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران جەختی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و تۆڕەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و چاودێریکردنی پرۆسەکە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیسیۆن دەرگەی خۆ تۆمارکردنی بۆ رێکخراو و تیمە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە. وەک گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی پێکردووە "تاوەکو ئێستا 159 چاودێری نێودەوڵەتی و 733 چاودێری نێوخۆیی، هەروەها پێنج هەزار و 24 نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان تۆمارکراون".
هەر رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی یاخود هەر کەسێک، جا سەربەخۆبێت یان سەربە لایەنە سیاسییەکان بێت، بیەوێت رۆژی هەڵبژاردن چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکات، دەبێت لە کۆمیسیۆن خۆی تۆمار بکات، بۆئەوەی بتوانێت سەردانی ناوەند و بنکەکانی دەنگدان بکات، بە پێچەوانەوە رێگەی چوونەژوورەوەی پێنادرێت.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوا دەکات، زۆرترین دەرفەت بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێندرێت، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و گەیشتنەوە بە کارتی بایۆمەترییەکانیان، لەو چوارچێوەیەشدا گوتەبێژی کۆمیسیۆن جەختیکردووەتەوە "تاوەکو 20ـی مانگی داهاتوو، دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بەردەوام دەبێت، بۆئەوەی ئەو 150 هەزار و 978 کارتی بایۆمەترییەی ماون بگەڕێنرێنەوە بۆ دەنگدەران و مافی دەنگدانیان نەفەوتێت".