رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی كورد ترسی ئەوەیان هەیە سەرژمێریی گشتی لە عێراق كە لە سەرەتای مانگی نۆی ئەم ساڵەوە هەنگاوەكانی دەستیان پێكردووە و بڕیار لە 20-11 ئەنجامبدرێت، ببێتە هۆكارێكی دیكە بۆ دابڕاندنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە كوردستان بەتایبەت ئەگەر ئەو 110 هەزار خێزانە عەرەبەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هێنراونەتە سنووری كەركووك وەكو كەركووكی ناویان لەو ناوچانە تۆمار بكرێت.
ئەوە مژاری ئەم جارەی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو، جگە لە عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق؛ سەرجەم ئامادەبووانی بەرنامەكە ئەو ترسەیان هەبوو كە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربێت، هەرچەند عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوە دەكردەوە كە سەرژمێرییەكە تەنیا بۆ بواری گەشەپێدان سوودی لێوەردەگیرێ نەك سڕینەوەی ناسنامەی گەلێك.
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە كە لەگەڵ سەرژمێریكدا نییە كە خاكی كەركووك و خانەقین شنگال تەسلیمی قەدەر بكات.
یوسف قاسم، كە گەنجێكی كەركووكییە و قوتابی زانكۆی سەڵاحەدینە لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لەبەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو بە هێندەی برینی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر مەترسی ئەوەی هەیە سەرژمێریەكەش ببێتە برینێكی دیكەی سارێژنەبووی كەركووكییەكان، ئەو گوتی: "هێشتا برینی 16 ئۆكتۆبەر ساڕێژ نەبووە، خەریكە برینێكی دیكە لە جەستەی شارەكەمدا". ئەو گەنجە كەركووكییە جەختی لەوە كردەوە سەرژمێریەكە بەرگێگی یاساییە كراوەتە بەری تەعریب. ئەو گوتیشی: "شوانی حەویجەیی هەیە هێنراوەتە كەركووك بە ملیۆن زەویان پێداوە، بڕوا بكە نازانێ ملیۆنێك چەند سفری هەیە، 168هەزار عەرەبی هاوردە هاتۆتە كەركووك ئەگەر ئەوانە بەشداری سەرژمێری بكەن ئەوە خۆی لە خۆیدا بە یاسایی كردنی تەعریبە".
رێژە عەرەب لە كەركووك لە 21٪ـەوە گەیێندراوەتە 72٪
بەگوتەی شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان، یەكەم سەرژمێری لە عێراق مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927، دوایین سەرژمێریش كە كورد بەشداریی تێدا كردووە، سەرژمێریی ساڵی 1987بووە، بەبێ كوردیش لە ساڵی 1997 سەرژمێریەكی دیكە كراوە، بەڵام لەرووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو نەبووە، لەلای شوان جەبار و زۆربەی شارەزایانی بواری ئامار، سەرژمێریی ساڵی 1957 یەكێكە لە سەرژمێرییە باشەكان لە مێژووی عێراق دا چونكە زانیارییەكان بە وردی وەرگیراوە. كوردیش لەو سەرژمێریەدا رێژەیەكی باشی بەدەستهێناوە كە 48٪ بووە، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی 1997 رێژەی كورد بۆ 21٪ دابەزیوە پێشتر رێژەی توركمان 21٪ بووە دواتر بووەتە 6٪، بەڵام رێژەی عەرەب لە21٪ لە 1997دا گەیشتۆتە 72٪.
یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد لەو 110 هەزار خێزانەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێنراونەتە كەركووك، نزیكەی 600 هەزار كەس دەكات. ئەوەشی بە ژمارەیەكی 'زۆر گەورە' پێناسەكرد و گوتی: "لە پڕۆسەی سەرژمێریدا لە كەركووك 60٪ بۆ 70٪ی كارەكان تەواو بوون، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە عەرەبە هاواردەكان نووسراون، بەڵام ئاوارە كوردەكان نەنووسراون".
داوای تۆماری 1957 كراوە
شوان جەبار، باس لەوەش دەكات لەلایەن حكومەتی عێراقی چەندین جار دڵنیایی ئەوەیان پێدراوە كە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی سیاسی بەكارناهێنن و جەختی لەوەش كردەوە كە هەرگیز ئەوان ناچنە ژێر باری سەرژمێرییەك كە زیانی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەبێت، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد بۆ كارەكانی سەرژمێرەكە لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بازرگانی و پلاندانانی حكومەتی عێراقی بەردەوام لەسەر هێڵن، بەڵام هەست بەوە دەكەن بۆ داواكارییەكانیان وەك پێویست بە دەنگیانەوە نایەن؛ "داوامان كردووە لە كەركووك تۆماری 1957 بكرێتە بنەما، بەڵام هەست دەكەین دەستی بە دەستیمان پێدەكەن، جگە لەوە دەبوو ژمێرەرانی كورد، عەرەب و توركمان پێكەوە كاری سەرژمێرییەكان بكەن، بەڵام ئەوەش بەو جۆرە نەبووە، هاوكات داوای ئەوەشمان كردووە تەواوی زانیارییەكانی سەرژمێرییەكە راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوەش دەكەن یان نا".
'ئەگەر داواكانمان جێبەجێ نەكەن ئەگەری بایكۆت هەیە'
هەر لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا شوان جەبار ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوان رازی بوون بە لابردنی بڕگەی نەتەوە، چونكە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كوردێكی زۆری كەركووك ئاوارە بوو، هەرچەندە لە فۆڕمەمەكەدا بڕگەی هۆكارەكانی ئاوارەبوون و كۆچكردن هەیە 15 هۆكار دیاری كراوە. شوان جەبار جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان لەگەڵ سەرژمێرین، بەڵام بە مەرجی جێبەجی كردنی داواكارییەكانیان هەر لەسەر جێبەجێ كردنی داواكارییەكانیان لە مانگی حەوت دا بۆ ماوەی یەك مانگ كارەكانی سەرژێریان سەڕكردوە سەرباری ئەوەش دەستی بەدەستیكردن پێیان هەر بەردەوامە، شوان جەبار پێشنیازی ئەوەش دەكات ئەگەر لە كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لەسەر سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوا پێشنیازێكی ئەوەش هەیە سەرژمیبَری لەو ناوچانە دوابخرێت. لە كۆتایی قسەكانی ئەو بەرپرسە كوردەی بواری سەرژمێری گوتیشی "ئەگەر لەسەرژمێریەكەدا داواكارییەكانمان بەهەند وەرنەگیرێن ئەوا تاوەكو ئاستی بایكۆتیش دەڕۆین".
'30 ساڵە چاوەڕێی سەرژمێرین'
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە ئەوان وەك وەزارەتی پلاندان 30 ساڵە چاوەڕێی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری بوون تاوەكو دواجار بە راوێژ و هاوبەشیكردنی بەرپرسانی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2023دا بڕیاری سەرژمێریكردن دەرچووە. سەبارەت بە پێشنەخستنی جێبەجێكردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، ئەو بەرپرسەی عێراق ئەوەی خستەڕوو: مادەی 140ـی دەستوور و سەرژمێری دوو شتی جیاوازن.
هینداوی ئەوەش دەخاتەڕوو لە 2010دا هەوڵی سەرژمێرییان داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. لەبارەی سەرژمێرییەكەی ئەم ساڵیش دەڵێت: "ئەم سەرژمێرییە مرۆڤ دەكاتە ئامانج نەك پرسی سیاسی، دەمانەوێ دۆخی مرۆڤ بزانین تەنیا بۆ گەشەكردنە نەك هیچ مەبەستێكی سیاسی".
بەبڕوای عەبدولزەهرە هینداوی لە رابردووی عێراق دا نەك كورد، بەڵكو عەرەب و توركمانیش تووشی زیانی گەورەبوون: "ئێمە سیاسەتەكانی حكومەتی پێشوو لە ئەستۆ ناگرین". لەبارەی لابردنی بڕگەی نەتەوەش لەسەرژمێریەكەدا هینداوی ئەوەی خستەڕوو ئەو كارە بەسازانی لاینەكان كراوە و گوتیشی: "ئەگەر باسی سیاسی بكەین ئەوا سەرژمێری لە عێراقدا هەر ناكرێت، لابردنی بڕگەی نەتەوەش 5٪ سەرژمێریەكەت ناتەواو دەبێت، بەڵام 95٪ ئیشەكەت دەكەیت بۆیە كردنی باشترە".
گەڕانەوە بۆ تۆمار و سەرژمێری 1957
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە واقعی نازانێ، سەرژمێری ساڵی 1957 بیكرێتە بنەمای كارەكانی ئێستا؛ "زیاتر لە 60ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا تێپەڕیوە ئەو كاتەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق 10 ملیۆن كەس بووە ئێستا 44 ملیۆنە، جگە لەوە ئەگەر كەسێك لە كەركووك یان لە هەر شوێنێك ئاوارە بوو بێت هۆكاری ئاوارەبوونەكەی دەنووسرێ".
عەبدولزەهرە هینداوی لەگەڵ ئەوەش نییە بە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵێ ناوچە جێناكۆكەكان. ئەو دەڵێت: "ئەوانە ناوچە پێكەوەژیاوەكانن نەك ناوچە جێناكۆكەكان". سەبارەت بە دروستكردنی سەنتەرێكی داتا و زانیاری لەسەرژمێرییەكەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەرپرسەكەی حكومەتی عێراق ئەوەی خستەڕوو دروستكردنی ئەو سەنتەرەیان رەتنەكردووەتەوە؛ "بۆ پرسی سەرژمێری بەراستی دەمانەوێ بگەینە چارەسەرێكی هاوبەش، ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردوە جێبەجێ دەكەین، ئەوەی لە كەركووكیش بۆ سەرژمێرەكە تاوەكو ئێستا كراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە".
عەبدولزەهرە هینداوی جەخت لەسەر پێویستی بوونی بەشداری كورد دەكات لە سەرژمێری، چونكە لە سەرژمێری ساڵی 1997، لەبەر ئەوەی كورد بەشدار نەبووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرژمێرەیەكە دانپێدانراو نەبووە.
ئەو گوتیشی: "ئێستاش ئەگەر كورد بەشدار نەكات كەموکوڕی دەبێت رەنگە دانی پێدا نەنرێت". ئەو بەرپرسی عێراق وەهاشی نابینێ كە كەركووك لەرووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خرابێت. ئەو دەڵێت: "لە رووی پەرەپێدان و بنیاتنانەوە كەركووك باشتر لە پارێزگاكانی ناوەراست و باشوور".
لە 23 ساڵدا زیاتر لە 270 هەزار عەرەب هێنراونەتە كەركووك
ستار پاشا، كەسایەتی كەركووك و شارەزای بواری ئامار میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو بەپێی زانیارییەكانی ئەو كەسایەتیەی كەركووك لە ساڵی 1980وە تاوەكو رووخانی دەسەڵاتی سەدام لەماوەی ئەو 23 ساڵەدا 270 هەزارو 750 عەرەبی هاوردە هێنراوەتە كەركووك. ستار پاشا جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو سەرژمێریانەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق كراون هەموویان مەبەستی سیاسیان هەبووە و گوتی: "لە سەرژمێری 1921، ویلایەتی موسڵ كە 799 هەزار و 90 كەس بووە 65% كورد بووە، تەنانەت لە سەرمژێری 1957 كە كورد رێژەكەی باشە ئەوانەی سەرژمێریەكەیان كردوە كورد نەبوون بە بەڵگەی ئەوە ناوی گوندەكانیان بە كوردییەكی تەواو نەنووسیوە".
ئەو كەسایەتییەی كەركووك داوا دەكات بۆ ئەم سەرژمێرییە بڕگەی نەوتەوە و ئاین زیاد بكرێتەوە "ئەگەر ئەوە زیاد بكرێتەوە وەك كورد هیچ كێشەیەكمان نابێت".
پاشا بەپێویستی دەزانێ بۆ ئەم قۆناخەی سەرژمێری، ئەگەر لە خێمەشدا نیشتەجێ ببێت پێویستە خێزانە كوردەكان بگەڕێنەوە كەركووك خۆیان تۆرمار بكەن؛ "لە چوارچێوەی مادەی 140 كاتی خۆی عەرەبە هاوردەكان بۆ گەڕانەوەیان هەر خێزانێك 20 ملیۆن دینار قەرەبووی وەردەگرت، بەڵام خێزانە كوردەكان 10 ملیۆن دیناریان وەردەگرت، ئەوەی جێگای سەرنجە 18 هەزار خێزانی عەرەب كە نزیكەی 100 هەزار كەسێك دەكات لەگەڵ ئەوەی قەرەبوویان وەرگرتووە دووبارە گەڕاونەتەوە كەركووك".
'دوا بزمار لە جەستەی مادەی 140 دەدرێت'
د. محێدین حەسەن، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە خۆی خەڵكی سنووری دیبەگەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرژمێریەكە بۆ كورد مەترسیدارە بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، چونكە ماددەی 140دەستوور جێبەجێ نەكراوە؛ "لەبەرئەوەی مادەی 140 هەیە دەبێت سەرەتا قۆناخەكانی ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت، كە ئاسایی كردنەوەی ناوچەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و دواتریش سەرژمێری بكرێت، نابێت ئێستا سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت تاوەكو دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە".
د. محێدین حەسەن ئاماژەبەوەش دەكات لە كاتێكدا باس لەسەرژمێری دەكرێت نزیكەی 580 هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە كەركووك پسوڵەی خۆراكیان بۆ كراوە ئەو دەشڵێت "لە 1957دا یەك خێزانی عەرەب لە مخمووردا هەبووە ئێستا 300 خێزان هەیە، لە سنووری قەراج 60 گوندی كوردی هەیە 38 یان جۆڵن، جگەلەوە نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی شنگال لە سنووری دهۆكن، ئیتر چۆن سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت؟"
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە تاوەكو بەڵێننامەیەكی لێكتێگەیشتن لەسەر ئەنجامەكانی سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكرێت نابێت رێگە بە ئەنجامدانی سەرژمێری بدرێتو دەڵێت: "ئەگەر بەم حاڵەوە سەرژمێرییەكە هەر كرا ئەوا دوا بزمار لە جەستەی مادەی 140ی دەستوور دەدرێت". گومانێكی دیكە كە د. محێدین حەسەن هەیەتی ئەوەیە لەكاتێكدا لە كوردستان حیزبەكان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن عێراق سەرژمێری دەكات ئەو دەڵێت "ئەوە خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە بۆیە لەم قۆناخەدا لەگەڵ ئەوەم سەرژمێری نەكرێت".
'دەترسم سەرژمێریەكە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری 1957'
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ئەم بەرنامەیەدا بە دیدارێكی تایبەت بەشداری كرد. لە دەستپێكی قسەكانی دا باسی لەوە كرد كە مادەی 140ـی دەستوور وەكو خۆی ماوە و هێشتا جێبەجێ نەكراوە. ئەو نەیشاردەوە كە مەترسی لەسەر سەرژمێرییە چاوەڕوان كراوەكەی 20-11-2024 هەیە و گوتی: "دەترسم ئەم سەرژمێریە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری 1957، بەڵام دڵم بەو بڕیارەش خۆشە كە سەرژمێریەكە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەكردن بەكاربێت".
فەهمی بورهان ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە 10-6ـی ئەم ساڵ بۆ ئاگاداربوون لە پرسی سەرژمێری و مەترسییەكانی چونەتە كەركووك و بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانیان وەرگرتووە؛ "لە سێ مانگی رابردوو هەوڵی زۆرمان بۆ ئەم پرسە داوە، هەوڵەكانیشمان جێگای خۆی گرتووە".
'دەبوو بڕگەی نەتەوەی تێدا بوایە'
فەهمی بورهان جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەكو كورد نابێت دژی سەرژمێری بین، بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربێت و بۆلێدان لە لاینێك بێت، ئەوا دژایەتی دەكەن و گوتیشی: "ئێستاش ئێمە وەك كورد زۆرینەین لە كەركووك ناوچەكانی، هەر بۆیە لایەنگری ئەوە بوو ئەم سەرژمێرە بڕگەی نەتەوەی تێدا بێت".
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو بەڵێنی ئەوەیان پێداوە، ئەوەی پێشتریش لە كەركووك ناوی تۆمار نەكرابێت ئەوا لە 20-11 هیچ كێشەیەكی نابێت و ناوی تۆمار دەكرێت.
ئەوەی فەهمی بورهان نیگەران دەكات ئەو عارەبانەیە كە لە حەوت ساڵی رابردوو هێنراونەتە كەركووك ئەو گوتی: "بوونی 110هەزار خێزانی عەرەب یەكێكی دیكەبوو لە نیگەرانییەكانی ئێمە، نەك ئێمە توركمانیش نیگەرانیان هەیە توركمانەكانیش دەڵێن لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو 50 هەزار كەسمان كەركووكی جێهێشتووە، بۆیە دەبێت ئەو ئاوارە كەركووكییە لە ناوچەیەكی دیكە ناوی تۆمار دەكرێت وەك ئەوە وابێت لە كەركووك بێت".
'كەسی كورد هەبووە ناوی خێزانی كوردی تۆمار نەكردوە'
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەوە نیگەرانە كە كەسی كورد هەبووە كە وەك كارمەندی بژێر كاری كردوە چۆتە ماڵێك كە زیاتر لە خێزانێكی كوردی تێدا بووە، بەڵام یەك خێزانی تۆمار كردوە و خێزانە كوردەكەی دیكەی تۆمار نەكردوە "ئەوە هەر زۆر نیگەرانم دەكات."
فەهمی بورهان، خوازیارە داواكارییەكانی كورد لە سەرژمێریدا جێگای بكرێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر بە قسەی كورد نەكرێت، دەبێت لە وشەی بایكۆتی قورستر بەكاربهێنین بۆ سەرژمێرییەكە، دەبێت ئەوەش روون بێت بەبێ كورد سەرژمێری هیچ بەهایەكی نابێت لە 1997دا بەبێ كورد لە عێراق دا سەرژمێری كرا لەرووی نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگیرا".
بەرپرسەكەی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، چارەنووسی هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر و دهۆك گرێدراوی چارەنووسی كەركووك، شنگال و خانەقینە. سەبارەت بە بۆچوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت كەسی یەكەم و دوومی حكومەتەكە فەهمی بورهان گوتی: "كاتێك باسی ئەو پرسەم بۆ سەرۆكی حكومەتە و جێگرەكەی كرد بە خەندەوە وەڵامیان دامەوە كە هەڵبژاردنی كوردستان بێ ئاگایان ناكات لە سەرژمێری كەركووك، بەراستیش وایە كەركووك و خانەقین و شنگال گرنگترە لە هەرشتێك كە روودەدا."
لە كۆتایی قسەكانیدا، فەهمی بورهان جەختی لەوە كردەوە، هەرگیز لەگەڵ سەرژمێرییەک دا نییە كە خاكی كەركووك و خانەقین و شنگال بداتە دەستی قەدەر و گوتی: "ئەگەر داواكانی جێبەجێ نەكرێت، نابێت لەم قۆناخەدا كورد لەگەڵ سەرژمێریدا بێت".