کۆمیسیۆن: هەموو ئەوانەی سەرپەرشتیی ئامێرەکانی دەنگدان دەکەن، خەڵکی هەرێمی کوردستانن


رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵبژاردنی 20-10-2024 ـی پەرلەمانی کوردستان، هەمان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەکاردەهێنرێن، بەڵام کۆمیسیۆن دەڵێت، "بەرنامە و سیستمی کارکردنی ئامێرەکان نوێیە و تایبەتە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەنیا یەک جار بەکاردێت". 
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەموو ئەو کارمەندانەی سەرپەرشتیی ئامێر و پرۆگرامەکە دەکەن، دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، کە فەرمانبەر و خوێندکارانی زانکۆن و هیچ کارمەندێکی بیانی سەرپەرشتیی پرۆسەی ئەلیکترۆنی و تەکنیکی دەنگدان ناکات".
 
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی و کاخەزی دەنگدانی نوێ بەکاردەهێنێت، بەڵام ئامیرەکانی دەنگدان، هەمان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن، کە لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەکارهێنراون، بەڵام بەرنامەکان و سیستمی کارکردنیان جیاوازە.
 
د. عیماد جەمیل دەڵێت، "بەرنامەکان بەگوێرەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکخراون و تەنیا یەک جار بەکاردەهێنرێن، چونکە ئەم جارە ژمارەی دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردن جیاوازە". 
 
ئەو دەنگدانی ئەلیکترۆنییەی لەم هەڵبژاردنەدا بەکاردێت، پێی دەگوترێت "سیستمی هەڵبژاردنی پارێزراو"، سیستمەکە بە تەواوی پێشکەوتوو و پارێزراوە، هیچ کەسێک و تەنانەت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش نازانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیست و بەربژێرێک داوە و نهێنیی دەنگدەر بە تەواوی پارێزراوە تێیدا. 
 
دەنگدەر کاتێک لە رێگەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەوە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی خۆی دەسەلمێنێت و پەنجەمۆری وەردەگیرێت، کارتێکی دەنگدان کە کۆدی تایبەتی لەسەرە، بە سندووقی دەنگدان ئاشنا دەکرێت و کاتێک دەنگدەر لە وێستگەی دەنگدان دەنگ بە لیست و بەربژێرەکان دەدات و کارتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سندووقی دەنگدان، ئەگەر هەمان کۆدی ئاشناکراو نەبێت و کارتەکە گۆڕدرابێت، ئەوا سندووقەکە رەتیدەکاتەوە و رێگە بە چوونەناوەوەی کارتەکە نادات.
 
پێشتر کۆمیسیۆن بۆ رووداو جەختیکردووەتەوە "سیستمەکە هیچ کەلێنێکی تێدا نییە تاوەکو لایەنێک یان کەسێک بزانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیستێکی سیاسی و چی بەربژێرێک داوە، کۆمپانیای دروستکەری سیستمەکە گەرەنتیی تەواوی داوە لە پارێزراوی و سەرکەوتوویی ئەو سیستمە، کە یەکەمجارە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکاردێت".
 
رۆژی پێنجشەممە 26-9-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستکراوە بە راهێنانی 41 هەزار کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ناویان دەرچووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
 
لەبارەی ئەو کارمەندانەی کار لەسەر ئامێر و سیستمەکە دەکەن، د. عیماد جەمیل بە رووداوی راگەیاند "هەموو ئەو کارمەندانەی کار لەسەر ئامێر و سیستمەکە دەکەن، کارمەندانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لەلایەن بەشی راهێنانی کۆمیسیۆن لە شارەکان، لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکان بە شێوەیەکی باش راهێنانیان پێدەکرێت و ئامادە دەکرێن، هیچ کارمەندێکی بیانی سەرپەرشتیی ئامێر و بەرنامەکان ناکات". 
 
سیستمی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی خودکاری کاژێر 06:00ی ئێوارە سندووقەکانی دەنگدان دادەخات و رێگە بە درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان نادات، هاوکات هەر دوای تەواوبوونی کاتی دەنگدان هەر سندووقێک ئەنجامی دەنگەکانی خۆی چاپ دەکات و لە ماوەی 24 کاژێریشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەردەکەوێت. جگە لەوەی کە سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامەکان دەردەخەن، بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن هەموو کارتەکانی دەنگدانیش بە شێوەی دەستی دووبارە دەژمێردرێنەوە.