رووداو دیجیتاڵ
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، چاوەڕێن لەم رۆژانەدا پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی 8 لە بەغداوە بگات و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت؛ هەروەها وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9 لە بەغدا تەواو بووە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێباز حەملان گوتی، "دەبوو تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 243 ملیار دینار لە بەغداوە بهاتایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی هەمانە. بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گەیشتنی ئەو پارەیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا لەم هەفتەیەدا خەرج دەکرێت".
هەروەها لەبارەی مووچەی مانگی 9وە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9 تەواو بووە [لە بەغدا]، ئەویش لە پاش مووچەی مانگی 8، راستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی پارەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
زیاتر لە هەفتەیەکە 755 ملیار دینار پارەی مووچەی مانگی 8، کە بەغدا بەناوی مانگی 7ـەوە ناردوویەتی، بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام کورتهێنانی هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە.
رێباز حەملان دەڵێت، "کێشەکەمان ئەم 243 ملیار دینارە بوو، چونکە بەشێکی زۆری تایبەتە بە مووچەخۆرانی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، دەیانگوت چۆن دەبێ هەرێمی کوردستان بیدات؛ تەیف سامی لە ماوەی هەفتەیەکدا ناردی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان وەڵامەکەی هاتەوە کە دوو جار مووچە وەرناگرن، لە کەرکووک دەوام دەکەن و تەنیا مووچەکەیان سەر بە هەرێمی کوردستانە".
هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8، پێوستی بە 998 ملیار دینارە، بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، 243 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
لە لایەکی دیکە، دوێنێ شەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئینشاڵڵا ئەم هەفتەیە لیستی مووچە رادەگەیێنرێت".
پێشتریش قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردبوو، نزیکن لە چارەسەری کێشەی مووچە. رۆژی 26-09-2024 جێگری سەرۆکوەزیران لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە گوتی، ئەو شاندەی لیژنەی دارایی کە چەند رۆژێکە لە هەولێرە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە و درێژەپێدەری ئەو هەوڵانەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ