زیاتر لە 6٪ـی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە

    
رووداو - هەولێر 

لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە و لە سلێمانیش کەمترین. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، وەرگرتنەوەی کارتەکان لە دهۆک گەیشتووەتە 98٪ و لە سلێمانیش 89٪. کۆمیسیۆن دەڵێت، "دابەشکردنی کارتەکان تاوەکو رۆژی 19ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت"، ئەوەش لەپێناو گەرەنتیکردنی دابەشکردنەوەی سەرجەم کارتەکان. 

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە گشتی دوو ملیۆن و 748 هەزار و 600 کارت دابەشکراون و 150 هەزار و 978 کارت.

لە هەولێر 95٪ـی کارتی بایۆمەتری وەرگیراونەتەوە 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-9-2024، مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای هەولێر  933 هەزار و 199 کارتی دەنگدانی گشتی و 81 هەزار و 406 کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی تایبەت چاپکراون. لەو ژمارەیە 891 هەزار و 955 کارتی دەنگدانی گشتی و 81 هەزار و 406 کارتی دەنگدانی تایبەت دابەشکراون".

بەو پێیە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، کۆی گشتی یەک ملیۆن و 15 هەزار و 672 کارتی دەنگدان چاپکراون، 973 هەزار و 361 کارت وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە 95٪ و 42 هەزار و 309 کارت ماون بگەڕێندرێنەوە بۆ دەنگدان.

لە دهۆک زۆرترین کارتی بایۆمەتری وەرگیراونەتەوە

لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی راگەیاند، لە کۆی 738 هەزار و 69 کارتی چاپکراوی دەنگدان، 721 هەزار و 379 کارتی  بایۆمەتریی دەنگدان وەرگیراونەتەوە، کە دەکاتە 98٪ و تەنیا 16 هەزار و 690 کارت ماون بگەڕێندرێنەوە بۆ دەنگدەران و رۆژانی داهاتووش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، تاوەکو تەواوی دەنگدەرانی سنووری پارێزگاکە بتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە و دەنگەکانیان نەفەوتێت. 

لە سلێمانی کەمترین کارتی بایۆمەتری وەرگیراونەتەوە

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و 83 هەزار و 248 کارتی بایۆمەتری چاپکراون، هەروەها لە هەڵەبجە 62 هەزار و 889 کارتی بایۆمەتری چاپکراون. بەپێی راگەیێنراوی ئەمرۆ یەکشەممەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، وەرگرتنەوەی کارتەکان لەم دوو بازنەیەی هەڵبژاردن زیادیکردووە، یەک ملیۆن و 45 هەزار و 158 کارت وەرگیراونەتەوە و 91 هەزار و 979 کارتیش وەرنەگیراونەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 26-9-2024 ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو "لە بازنەی پارێزگەی هەڵەبجە، رێژەی دابەشکردنی کارتەکان نزیک دەبێتەوە لە 98٪ و پرۆسەکەش تاوەکو رۆژی 19ـی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت."

بڕیارە رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، پرۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تاوەکو پێش رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت و دەنگدەران دەتوانن لە بنکەکانی کۆمیسیۆن، کارتەکانیان وەربگرنەوە.