بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا: بە بەهای زیاتر لە 6 ملیار دینار پرۆژەمان رەزامەندییان لەسەر دراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیای سەر بە پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، رێگەی نێو ناحیەکە و ئاکرێ دەکرێتە جووتساید، هەروەها بە بەهای زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار پرۆژەیان لە قۆناخی تەندەرکردندایە. دەشڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دینار پرۆژەیان جێبەجێ کردووە.
 
مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیای سەر بە پارێزگای دهۆک، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکیشی دەکات و باسی لە پرۆژەکانی ناحیەکەی کرد و گوتی، لەدوای چاوەڕوانییەکی زۆری خەڵکی ناحیەکە جووتسایدی نێو رۆڤیا کە درێژییەکەی 2.2 کیلۆمەتر دەبێت، 25ی ئەیلوول بەردی بناخەی دانراوە و بە گوژمەی چوار ملیار و 799 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
 
لەبارەی پرۆژەکانی ساڵانی رابردووی سنووری ناحیەی رۆڤیا، مەنهەل موەفەق گوتی، لە دوو ساڵی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی گرنگ بۆ سنوورەکەیان جێبەجێ کراون، کە نزیکەی چوار ملیار دیناریان تێچووە، لەوانە چاککردنەوەی رێگەی بەشێک لە گوندەکان، دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەشڵێت، لە ساڵی رابردوودا توانراوە بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار کاری قیرتاو و کۆنکرێتی شەقامە ناوخۆییەکانی نێو گەڕەکەکان جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ.
 
لەبارەی پرۆژەکانی سێکتەری پەروەردە لە سنووری رۆڤیا، مەنهەل موەفەق گوتی، سێ قوتابخانە لە سنوورەکەدا دروستکراون، کە بەهاکەیان یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە، قوتابخانەیەکی 6 پۆلی بۆ ناوەندی ناحیە، قوتابخانەیەکی 12 پۆلی بۆ گوندی دۆستەک و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی بۆ گوندی قەرەناز.
 
لەبارەی پرۆژەکانی ئەم ساڵ بۆ سنووری رۆڤیا، ئەوەی خستەڕوو، "بە بەهای ملیارێک و 650 ملیۆن دینار پرۆژەمان هەن و دراونەتە بەڵێندەر، بەمنزیکانە دەستپێدەکەن؛ لەوانە، قیرتاوکردنی رێگەی گوندی قەرەناز، قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی پێنج گەڕەکی ناحیەکە، هەروەها چاککردنی پرۆژەی ئاوی دوو گوند و بەستنەوەی کارەبای بەردەوام بۆ 10 بیری ئاو لەناوەندی ناحیەکە لەگەڵ دانانی محاویلەی کارەبا بۆ چەند گوندێکی سنوورەکە."
 
لە پردی چەمە و گۆپاڵ تاوەکو ناحیەی رۆڤیا، زەویی ژمارەیەک جووتیار بەر جووتسایدی هەولێر - دهۆک کەوتووە، جووتیارەکان پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کردووە و دەڵێن، "تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە."
 
مەنهەل موەفەق گوتی، لەسەر قەرەبووی ئەو رێگەیە، "ئێستا دوو گوندمان لەبەردەستە، ئەوانیش گوندەکانی دربێسان و پالاسانن، زەویی 24 جووتیار کەوتوونەتە بەر شەقامەکە، خانوو و مارکێت و بیری ئیرتیوازییان بەر شەقامەکە کەوتووە، کە بڕی پارەکە بە دۆلار دیاریکرابوو و 420 هەزار دۆلار بووە؛ بەڵام کاتێک ئەو مامەڵانە چوونەتە وەزارەت و لیژنەی خەمڵاندن و بەدواداچوون، داواکراوە دەبێت گرێبەستی کشتوكاڵی یان تاپۆیان هەبێت، بۆیە تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەشڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران، بە نووسراو ئاگاداری کردووین، هیچ نووسراوێکی قەرەبوومان بۆ بەرز مەکەنەوە ئەگەر تۆماری هەمیشەیی یان گرێبەستی کشتوکاڵیی لەگەڵ نەبێت." گوتیشی، دەبێت ئەو جووتیارانە دیسانەوە داواکارییەکانیان لە رێگەی پارێزەرێکەوە کاری لەسەر بکەن، تاوەکو دەگەنە ئەنجامێک.