کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: نابێ پۆستەرەکان لەنێوان شەقامەکان و بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵبواسرێن

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆن دەڵێت تاوەکو ئەمڕۆ، 15 سەرپێچی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون؛ زۆربەیان هەڵواسینی پۆستەر بووە لە شوێنی رێپێنەدراو.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024) نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی سەرپێچییەکانی بانگەشە تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووەتە 15 سەرپێچی، کە زۆربەیان لەلایەن حیزبەکانەوە کراون."
 
گوتیشی، "ئێمە، وەکو کۆمیسیۆن و شارەوانییەکان، رێنماییەکانمان وابووە؛ هیچ پۆستەرێک لەنێوان شەقامەکان و لەنێو باخچەکان دانەنرێن و بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵنەواسرێن، بەڵام دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو پۆستەرانە لەو سێ شوێنە قەدەخەکراوە هەڵواسراون یان دانراون."
 
سەبارەت بە سزای ئەو جۆرە سەرپێچییانە، نەبەرد عومەر دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو یاسایەی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاری پێدەکات؛ سزاکەیان بە پێبژاردن دەبێت، کە لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 500 هەزار دیناریش زیاتر نەبێت."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.

 

- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.

 

- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.

 

سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.
 
20ـی تشرینى یەکەم بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەدەچێت. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024.