رووداو دیجیتاڵ
کوڕ و باوکێکی کوردی ئێزدی بە تایبەت بانگهێشتدەکرێن بۆ ئەوەی لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەکەی حەمدانیە دەهۆڵ و زوڕنا لێبدەن و شایی گەرم بکەن. بەڵام گەرمیی ئەو ئاگرەی بەسەر هۆڵەکەدا هات، نەزدینی تەمەن 12 ساڵ دەسووتێنێت و باوکیشی ئێستا شین بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی دەگێڕێت.
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا هۆڵی ئاهەنگگێڕانی حەمدانیە دەردەکەوێت کە نەزدین و باوکی بە دەهۆڵ و زوڕناکەیان هەموو ئامادەبووانی شەهیانەکەیانی هێناوەتە جۆش و خرۆش.
نەزدین کە ماوەی سێ ساڵ بوو لەگەڵ باوکی دەچووە ئاهەنگەکان، لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا؛ غەزوان سلێمانی باوکی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە تەماشای وێنەکەی دەکات و بەمشێوەیە باس لە کاتی رووداوەکە دەکات: " گوتی باوکە ئاگرە، من سەیری ستەیجم کرد بینیم ئاگری گرتووە، گوتمان با رابکەین، ئەو لە پشت منەوە رایکرد بۆ دەرگەکە بانگیکرد باوکە وەرە، بینیم بەرەو دەرگەی چێشتخانەکە رادەکات، من بینیم تاوەکو بەردەرگەی چێشتخانەکە، سلێمان لە پشت منەوە بوو گوتی کوا نەزوودی، گوتم نەزوودی دەرچوو، چونکە لە پێش منەوە بوو دەمبینی، چوینە دەرەوە نەماندۆزیەوە."
نەزدین غەزوان، منداڵێکی کوردی ئێزدیی تەمەن 12 ساڵ بوو، قوتابیی پۆلی شەشی سەرەتایی بوو. لەنێو هاوڕێکانی کەسێکی خۆشەویست بوو. مەرگی ئەو هاوڕێکانی تاساندووە.
رامی رەشید، یەکێکە لە هاوڕێکانی نەزدین و دەڵێت، "نەزدین خۆشەویستی ئێمە بوو. ئێمە دوو ساڵ هاوڕێ بووین، یاریی تۆپی پێمان دەکرد، تەنانەت یەک جاریش شەڕمان نەبووە، ئەو هەواڵە ناخۆشەی بۆ ئێمە هات، زۆر دڵگرانی کردین."
شەوی 26ـی ئەیلوولى 2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕانی قەزای حەمدانیە کەوتەوە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ