چین کارگەیەک لە ئیلام دادەمەزرێنێت

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، چین بە شەش ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە پرۆژەیەکی پیشەسازیدا دەکات و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی تێکەڵەی سیلیکۆنی مەنگەنیز لە قەزای مەلەکشاهی دادەمەزرێنێت.
 
سەعید رەشنوادی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و دارایی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پێشەسازی پارێزگاکە، پرۆژەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی تێکەڵەی سیلیکۆنی مەنگەنیز لە قەزای مەلەکشاهی جێبەجێ دەکرێت و کۆمپانیایەکی چینی بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەو پرۆژەیەدا دەکات.
 
سەعید رەشنوادی گوتی، لە قۆناغی یەکەمیدا ئەو کارگەیە لە تواناییدایە رۆژانە 80 تۆن و لە قۆناغی دووەمدا 150 تۆن تێکەڵەی سیلیکۆنی مەگنسیۆم بەرهەم بهێنێت.
 
گوتیشی، بە تەواوکردنی پرۆژەکە دەرفەتی کار بۆ 230 کەس دەڕەخسێت کە لە قۆناغی یەکەمدا 50 کەس و لە قۆناغی دووەمدا 180 کەس دەتوانن لەو کارگەیە کار بکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و دارایی پارێزگای ئیلام دەشڵێت، رووبەری دوو هێکتار زەوی بۆ پرۆژەکە تەرخان کراوە و بریارە تا پێنج مانگی داهاتوو پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
 
پارێزگای ئیلام، پارێزگایەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە رووبەری زیاترە لە 20 هەزار و 164 کیلۆمەتری دووجا و ژمارەی دانیشتوانەکەی بە پێی دوایین سەرژمێری گشتیی ئێران، زیاتر لە 580 هەزار کەسە. ئەم پارێزگایە دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز کە ئەمەش وایکردووە لە پارێزگاکە پیشەسازی نەوت و گازیش هەبێت.
 
سەبارەت بە دابینکردنی مادەی خاو بۆ پرۆژەکەش، ئەو بەرپرسەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەشێکی مادەی خاوی پێویست بۆ کارگەکە لە تورکیا و ئەفریقیای باشوورەوە دابین دەکرێت و بەشەکەی دیکەش لە ناوخۆی وڵاتەوە دابین دەکرێت.
 
سەعید رەشنوادی گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە پارێزگای ئیلام کارگەی پۆلا و چیمەنتۆ هەن، بەرهەمی کارگە نوێیەکە دەتوانێت لە نێوخۆی پارێزگا و لەو پیشەسازییانەدا بەکار بهێنرێت.
 
حەسەن بەهرام نیا، پارێزگاری ئیلام لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی ئاداری 2023ـی ئەنجوومەنی وزەی ئەو پارێزگایەدا گوتی: "11٪ـی گاز و 6٪ـی نەوتی ئێران لە پارێزگای ئیلامدایە" و ئەمەش دەرفەتێکی گەورەی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پارێزگایە رەخساندووە.