وردەکاریی 'بیستنی دەنگی گۆڕێک' لە گۆڕستانێکی دهۆک

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی ناحیەی فایدەی پارێزگای دهۆک دەگوترا، لە یەکێک لە گۆڕەکان دەنگێک دێت، "کەسێک هاوار دەکات رزگاری بکەن." بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، ئەو قسانە "بنەمای زانستییان نییە" و بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکە پێویستیان بە رەزامەندیی دادوەرە. 
 
شەوی پێنجشەممە، 28-9-2023، چەند هاونیشتمانییەک لە ناحیەی فایدەی پارێزگای دهۆک باسیان لەوەکرد، "لە یەکێک لە گۆڕەکانی گۆڕستانی ناحییەکە دەنگێک بیستراوە و ئەو کەسەی لە گۆڕەکەدا بووە هاواری کردووە و تاوەکو رزگار بکرێت."
 
ئەو کەسەی لە گۆڕەکەدایە، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، ماوەی 40 رۆژە بە "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە و "ماوەی دوو رۆژ لە دادپزیشکی دهۆک بووە" و دەرەنجامە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە کۆچی دوایی کردووە.
 
برازایەکی ئەو کەسەی لە گۆڕەکەدا بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەسێک هاتبووە سەر گۆڕی مردوویەکی خۆی لە نزیک گۆڕی مامم، گوێی لە دەنگێک ببوو، ئێمەی ئاگادارکردەوە، منیش تەلەفۆنم بۆ ئاسایش کرد و لەگەڵ ئامۆزایەکم هاتینە سەر گۆڕەکەی، ئاسایش گوتی، ئێمە گوێی لێناگرین، بەڵام کاتێک لە گۆڕەکە نزیک بوومەوە، دەنگێک لە گۆڕەکەوە دەهات و هاواری دەکرد و تەقە تەقی دەهات. وەکو ئەوەی داوای رزگاکردنی بکات." 
 
بە گوتەی برازاکەی، "ئەو لە ژیاندا ماوە، تەنیا ئێمەش نا چەند کەسێکی دیکەی ناحیەکە گوێیان لە دەنگەکە بووە." 
 
لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیەوە برازاکەی گوتی، مامی بەهۆی جەڵتەوە کۆچی دوایی کردووە، بەپێی ئەنجامی نەخۆشخانەش گیانی لەدەستداوە، ئەو خەڵکی دربەسیی رۆژئاوای کوردستان بووە.
 
عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە چەند کاژێرێکە لێرەین گوێمان لە هیچ دەنگێک نەبووە، قسەی زۆر دەکرێت لەوبارەیەوە. کەسێک دەڵێت، تەقە تەقی کردووە و یەکێک دەڵێت هاواری کردووە، ئەو کەسە ماوەی 40 رۆژ دەبێت لە نەخۆشخانە بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە و ماوەی دوو رۆژیش لە دادپزیشکی بووە، هەموو لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مردووە، بۆیە ئەم قسانە بنەمای زانستییان نییە." 
 
لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکە بەڕێوەبەری ناحیەکە گوتی، "هەڵدانەوەی گۆڕ رێکاری یاسایی هەیە ناتوانن هەر کات بیانەوێت گۆڕەکە هەڵبدەنەوە، بۆ ئەوەش پێویستە رەزامەندیی دادوەر وەربگیرێت و بەر لەوەش پێویستە داواکارییەک هەبێت بۆ هەڵدانەوە گۆڕەکە، ئەگەر رژدن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکە ئەوا پێویستە کەسوکارەکەی رێکاری یاسایی بگرنەبەر."