لە سنە هەڵمەتی چاندنی سێ ملیۆن نەمام دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا  هەڵمەتی چاندنی سێ ملیۆن نەمام لە سنووری پارێزگای سنە دەستیپێکرد.
 
بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند: "لە هەموو شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایە هەڵمەتی چاندنی درەخت دەستیپێکرد و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە هاوکاری هاووڵاتیان سێ ملیۆن درەخت لە سەرانسەری پارێزگاکە بچێندرێت."
 
هەر لەبارەی ئەو هەڵمەتە، سەید سەعید ساداتی، بەڕێوەبەری ناوەندی چاودێری و هۆشداریدان لە مەترسییەکان کە سەر بە دامەزراوەی سەرچاوە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی ئێرانە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پلان و پرۆگرامێکی جیهانییەوە بۆ چاندنی نەمام و درەخت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواو پاراستنی ژینگە، بڕیارە یەک ترلیۆن دار لە تەواوی جیهان بچێندرێت و پشکی ئێران یەک ملیار دارە، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی 2030، ئەو ژمارە دارە لە ئێران بچێندرێت.
 
ساداتی هەروەها دەڵێت: "پێشبینی دەکەین لە ماوەی ساڵی 2023دا بتوانین لە سەرانسەری ئێراندا 250 ملیۆن دار بچێنین و لە پلانماندایە تاوەکو سێ ساڵی داهاتوو کاری چاندنی یەک ملیار دار تەواو بکەین."