شاڵاو عەلی عەسکەری: تائێستا دیار نییە پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتیمان دەبێت یان نا


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە "ئەستەمی" دەزانێت ئەمڕۆ کۆنگرەی یەکێتی کارەکانی تەواو بکات و پێی وایە، کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی وا دەکات کۆدەنگی لە بڕیاردا هەبێت، لەبارەی دەستنیشانکردنی جێگریش بۆ سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا کارەکانی پەیڕەوی نێوخۆ تەواو نەبوون و بە دەنگدان ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە".
 
رۆژی هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023، شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بڕیاربوو کاژێر 09:00ـی بەیانی کۆنگرە دەستپێبکاتەوە، بەڵام دواخرا بۆ کاژێر 02:00ـی دوانیوەرۆ، هۆکارەکەشی ئەوە بوو لیژنەی ئامادەکردنی پەیڕەوی نێوخۆ کارەکانی تەواو نەکردبوو.
 
لەبارەی ئەگەری دەستنیشانکردنی جێگر بۆ سەرۆکی یەکێتی، شاڵاو عەلی عەسکەری گوتی، "ئەو پرسە دوای پەسندکردنی پەیڕەوی نێوخۆ دیار دەبێت، لەبەر ئەوەی پەیڕەو دیاری دەکات کە ئایا سەرۆک جێگری دەبێت یان نا. ئەگەر سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا ئامادە نەبوو، ئەو کات یان بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یان بەرپرسی دەستەی سیاسی یانیش جێگری سەرۆک دەبێ کارەکانی رایی بکات. تاوەکو ئێستا دەنگ نەدراوە کە کام یەک لەو پۆستانە دیاری دەکرێن".
 
ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی وادەکات کۆدەنگی لە بڕیاری کۆتایی یەکێتیدا هەبێت و دەشڵێت، "ئەم کۆنگرەیە وا دەکات ئەگەر بڕیارێک بە دڵی هەندێک کەسیش نەبێت، دواجار کۆدەنگی لەسەر دروست بێت و ببێتە بڕیاری هەموو یەکێتی. دڵنیاشم بە یەکگرتوویی لەم کۆنگرەیەدا دەردەچین".
 
شاڵاو عەلی عەسکەری باسی لەوەکرد کە تاوەکو ئێستا کۆنگرە کارەکانی باش بردووەتەر پێشەوە و گوتی، "رەنگە هەندێک خاڵ بە دڵی من یان ئەندامانی دیکە نەبووبێت و پەسندکرابێت، بەڵام بەگشتی پڕۆسەکە زۆر بە باشی رۆیشتووەتە پێشەوە و ئەمڕۆ رەنگە بتوانین کاروباری پەسندکردنی پەیرەوی نێوخۆ تەواوبکەین".
 
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە بەشداریی 600 ئەندام دەستپێکرد. شاڵاو عەلی عەسکەری بە ئەستەمی دەزانێت ئەمڕۆ کۆنگرە کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت و دەڵێت، "یەکێتی لەم کۆنگرەیەدا دەبێ خۆی بچووک بکاتەوە و کردارەکانی گەورە بکاتەوە، واتە دامەزراوەکانی کەم بکاتەوە و خزمەت و کار و چالاکی حیزبی زیاتر بکات".
 
بڕیارە لەم کۆنگرەیەی یەکێتیدا ئەندامانی سەرکردایەتی کەم بکرێنەوە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "لە کۆنگرەی پێشوودا هەڵەیەکمان کرد و 124 ئەندامی سەرکردایەتیمان هەڵبژارد. ئێستا پێشنیاز هەیە بکرێتە 50 ئەندام، هەشە باسی 60 ئەندامی سەرکردایەتی دەکات، بەڵام کۆدەنگی هەیە کە ئەو 124 ئەندامەی سەرکردایەتی کەم بکرێنەوە".
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
 
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا. 
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست. 
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست. 
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد، بەڵام دواتر سیستەمەکە هەڵوەشێندرایەوە.