رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی حەمدانیە رایگەیاند، دایکى ئەو زاوایەی لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەکەیدا ئاگر لە هۆڵەکە کەوتەوە، گیانى لەدەستداوە و تەرمى منداڵێکیش لە ژێر داروپەردووى هۆڵى ئاهەنگەکە دۆزراوەتەوە. داواش دەکات لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى لە رووداوەکە پێکبهێندرێت.
رۆژی هەینی، 29ـی ئەیلوولى 2023، عیسام بەهنام مەتى، قایمقامى قەزاى حەمدانیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دایکى زاوا گیانى لەدەستداوە و ئەمڕۆ تەرمەکەى بە خاکسپێردراوە کە پێشووتر بەهۆی رووداوەکەوە بریندارببوو."
قایمقامی قەزاکە گوتیشى: "تەرمى منداڵێک لەژێر داروپەردووى هۆڵەکە دۆزراوەتەوە."
شەوی 26ـی ئەیلوولى 2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕانی قەزای حەمدانیە کەوتەوە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسیش بریندارن.
دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیارە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە ماوەی 72 کاژێر رابگەیێندرێت.
قایمقامى قەزاى حەمدانییە داوایکرد کە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى لەسەر ئەو رووداوە پێکبهێندرێت بۆ زانینى هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە گوتیشى: "ئەگەر هەیە رووداوەکە بە مەبەست بووبێت، نەک لە رێگەى یارى ئاگرین و شۆرتى کارەباوە."
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا 38 تەرمی رووداوەکەی حەمدانیە لە دادپزیشکیی نەینەوان و تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە، دوو دانەیان تەنیا ئێسک و پروسکیان ماوە و DNA ییان لێوەرگیراوە و رەوانەی بەغدا کراوە بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ناسنامەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ