رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆی شارەکە کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 10 تۆن زبڵ و خاشاکیان لەژێر ئەندەرپاسێکی شارەکەدا دەرهێنا.
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمەکانیان بەردەوام کار دەکەن بەتایبەت لە شەواندا کە زیاتر لە هەشت کاژێر تیمەکانیان خەریکی کارکردنن. گوتیشی، سەرەتا لە قۆناخی یەکەمدا کار لە خاوێنکردنەوەی ئەندەرپاسەکان دەکەن کە ژمارەیان 14 ئەندەرپاسە.
فڕێدانی هەڕەمەکیی پاشماوەکان بووەتە هۆی گیرانی بەشێک لە ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شارەکە دەڵێت، "دەبێت خەڵک هاوکارمان بن و دەبە و پاشماوە پلاستیکییەکانی دیکەیان فڕێ نەدەن کە ئەوە ئەرکی ئێمە زۆر قورستر دەکات."
رۆژی دووشەممە، 22-8-2022، بەسەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو بەڕێوەچوو. هێمن قادر، جێگری پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "پارێزگای هەولێر پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو هەیە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەی پلانەکان کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێدراون لە کۆتایی ئەم مانگە یاخود سەرەتایی مانگی ئەیلوول دەست بە جێبەجێکردنیان بکەن."
لەبارەی پلانەکانیش، جێگری پارێزگای هەولێر گوتی، "دەست بە پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان دەکەین و سەرۆکایەتیی شارەوانی و ئاو ئاوەڕۆی هەولێریش بەرنامەی خۆیان هەیە بۆ پاککردنەوەی گشت ئاوەڕۆکان."
کاروان وەسفی، کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو ئاوەڕۆی هەولێرە و باس لەوە دەکات کە ئەوان بۆ خاوێنکردنەوەی ئەندەرپاسەکان تووشی گرفتی زۆر دەبنەوە، "بۆیە داوا دەکەین کە خەڵک هاوکارمان بن لەوەی ژینگە بپارێزن و پاشماوەکانیان فڕێ نەدەن."
کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ساڵی 2022، چەند جارێک لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە هەندێك شوێن، زیانی ماددیی و گیانی زۆری لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ