ئاسایشی سلێمانی: سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی چوار "دز" رادەگەیێنێت و دەڵێت، سێ لە تۆمەتبارەکان لە دوو مزگەوت و چەند شوێنێکی دیکە دزییان کردووە و تۆمەتبارێکی دیکەش ماتۆڕسکیلی دزیوە و پاش پارچە پارچەکردنی ماتۆڕسکیلەکە ویستوویەتی لە بازاڕدا بیفرۆشێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29-9-2022 بڵاوی کردووەتەوە، سێ لە تۆمەتبارەکان بەناوی (د،و،ع)، (م،ج ،ح) و (ھ ،ھ، ئ) "دانیشتووی ناحیەی تەکیەی کاکەمەندن لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە باندێکی دزیکردنیان پێکهێنابوو لە سلێمانی."
وەک لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی دا ئاماژەی پێکراوە، تۆمەتبارەکان دزییان لە چەند مزگەوت و شوێنی دیکە کردووە و ئاسایش دەشڵێت، لەم شوێنانە دزیان کردووە:
- مزگەوتی رەحمان لە گەڕەکی کانیکوردە
- مزگەوتی فیردەوس لە گەڕەکی راپەڕین
- گۆڕەپانێکی چیمەنتۆ و چەو و لم کە "خاوەنداریەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامی یەکێک لە تۆمەتبارەکان، لەگەڵ دزینی ماتۆڕسکیلی هاووڵاتیان."
لەکاتی لێکۆڵینەوەدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئاشکرای کردووە کە "لەلایەن تۆمەتبار (ھ،ھ ئ) دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەری."
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، ماتۆڕسکیلی هاونیشتمانییانی دزیوە و ویستوویەتی پارچەکانی لە بازاڕدا بفرۆشێتەوە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێ، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی "تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی (ج، ئ،ج) ، دانیشتووی گەڕەکی پیرادییەکانی ناحیەی شۆڕشیان دەستگیرکرد کە هەستاوە بەدزینی ماتۆڕسکیلی هاووڵاتیان و پاش تەلەفۆنکردن و پارچەپارچەکردنیان ویستوێتی لەبازاڕدا بیفرۆشێتەوە."
ئاسایش دەشڵێت، تۆمەتبارەکان سەرجەمیان لەسەر داوای یاسایی هاووڵاتیان و بەبڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەکانی 393 و 446 لە یاسای سزادان گیراون و راگیراون لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە کە ماتۆڕسکیلێک و چەندین پارچەی ماتۆڕسکیل کە دزرابوون لەلایەن تۆمەبارەکانەوە و چەندین کەلوپەلی سەربازیش بەبڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیبەسەردا گیراوە.