یونسێف: هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکانیان مایەی قبووڵکردن نییە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر قوتابخانە و ناوچە سڤیلنشینەکانی دیکە لە کۆیە دەکات و دەڵێت، "هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکەیان مایەی قبووڵکردن نییە و دەکرێت ببێتە پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی منداڵان."
رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەیلوول، قوتابخانەی کەمپێکی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە بەر هێرشی سوپای پاسداران کەوت کە بووە هۆی برینداربوونی سێ قوتابی، ئەوە وێڕای بڵاوبوونەوەی ترسێکی زۆر لەنێو منداڵان، هەروەها ژنێکی دووگیان هەر لە کۆیە بەر هێرشەکان کەوت، لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا، بەڵام کۆرپەکەی بە نەشتەرگەری رزگارکرا.
منداڵە ساواکە ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە و بە گوتەی زانیاری رەحمانی، باوکی منداڵەکە ئێستا تەنیا دڵی منداڵەکەی کاردەکات و پزیشکەکان چاوەڕوانی بڕیاری ئەون لەبارەی ژیانییەوە کە پێیان گوتووە، هیوایەکی کەم هەیە بۆ رزگاربوونی.
لە راگەیێندراوی ئاژانسی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، "یونسێف سەرکۆنە و سەرزەنشتی هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کەمپێکی پەنابەرانی کۆیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات."
دیمەنی شڵەژان و هەڵاتنی منداڵان بە جلی قوتابخانەوە لەو قوتابخانەیە بە بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و راگەیاندنەکان بڵاوبوونەوە کە بەشێکیان بۆ پاراستنی گیانیان خۆیان لەژێر تاشەبەردەکاندا حەشاردابوو.
لە ئەنجامی هێرشی سەر قوتابخانەکەیان، منداڵانی قوتابخانەی رۆژهەڵات لە کەمپی ئازادی ناچار بوون قوتابخانەکەیان چۆڵبکەن. مامۆستاکان بەپەلە منداڵەکانیان بە پیکاب و ئۆتۆمبێلی دیکە بۆ شوێنی ئارام گواستنەوە.
لە وێنەیەکی دیکەدا کە خێرا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و بووە هێمای ئاوارەبوون و نەهامەتیی منداڵان، دەردەکەوێت کە کوڕێک بە جلی قوتابخانەوە، خوشکە بچووکەکەی لە باوەشیدا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی لە تۆپباران و بۆردوومانەکە هەڵبێن، کچە بچووکەکە لە تاو گرمەی تەقینەوەکان بە دەست گوێیەکانی گرتووە لە کاتێکدا ئەو گەنجەی منداڵەکەی لە باوەشە، ئاوڕ لە سێ منداڵی دیکەی دوای خۆیان دەداتەوە.