ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیێنێت

29-09-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایدەگەیێنێت، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری داوە دژی بۆردوومانەکانی حکومەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێندرێت و بەکارهێنانی چەکیشیان لە خۆپێشاندانەکاندا پێ باش نییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 2022/09/28، ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.
 
رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ناوەندی هاوکاری ئەوەی رەتکردووەتەوە کە حیزبەکان لە خۆپێشاندانەکاندا بە چەکەوە ئامادە بن و ئێستە پێیان باش نییە. بزووتنەوە شارستانییەکە لە پانتاییەکی ملیۆنیدا بەڕێوەیە و دەبێت ئێمە گەشە بەوە بدەین."
 
رەزا کەعبی ئاماژەی بەوە دا، کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر ناوخۆ بۆ دەرەوە بگوازێتەوە و وای پیشان بدات کە ئەوە حیزبەکانن بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە ئاژاوە دەنێنەوە، هێرشی کردە سەریان و "دوژمن جیاوازییان لەنێواندا ناکات" و پێویستە هەموویان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.
 
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێیوایە، ئەوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم جارەی ئێران لە جارەکانی دیکە تەواو جیاوازە، "بەرخۆدانی ژنانە لە دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان."  
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی بۆردوومانەکانی ئێران بڕیاری دا لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی گشتی رابگەیێنێت. رەزا کەعبی گوتی: "ئەم مانگرتنە بە مانای تەنیا مانەوە لە ماڵ نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە خەڵکی نەچنەوە سەر کارەکانیان لە دامودەزگاکان و کۆمپانیاکان."
 
بە گوتەی کەعبی، هاوپشتی و یەکدەنگیی گەلانی ئێران لە ئەمڕۆی خەباتی جەماوەریی ئێراندا قۆناخێکی گرنگ پیشان دەدات. "ئەوەیش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ بزاڤی رزگاریخوازی کورد و سەرتاسەری ئێران بۆ بە گۆڕەپان بۆ بەرگری لە کورد."
 
رەزا کەعبی دەڵێت: "لە دوو مانگی رابردوودا لە چاو ساڵانی پێشوودا کۆماری ئیسلامی سەرنجێکی زۆر تایبەتی خستبووە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان؛ ڤیدیۆی لەبارەیەوە دروست دەکرد و زیندانیی دەهێنایە سەر شاسەی تەلەڤزیۆنەکان کە بڵێن کۆمەڵە ناردوونیەتەوە و کۆمەڵە سەر بە ئیسرائیل و سعودیەیە و تیرۆریستە. بۆیە ئێمە گومانمان لەوە نەبوو کە هێرش بۆ سەر کۆمەڵە نزیکە، لەبەر ئەوە ئامادەکاریمان بۆ خۆپارێزی کردبوو."
 
لەبارەی یەکگرتنەوەی باڵەکانی حیزبەکەیشیانەوە گوتی: "لە پارەوە خەریکین پرۆسەی یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە دەبەینە پێشەوە و ئەم دوو-سێ مانگە بەهۆی کار و هەندێک گرفتەوە تا رادەیەک راوەستاوە، بەڵام بێهیوا نیین و دەست پێدەکەینەوە. هیوادارین بە یەکگرتنەوە بگات و هیچ رێگەچارەیەکمان نییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.