بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر نۆرەی وەرگرتنی مووچە، تەقە لە بانکی چەمچەماڵ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشکرا، لە کاتی نۆرەی وەرگرتنی مووچە دوو پێشمەرگە دەبێتە دەمەقاڵییان و یەکێکیان تەقە لە بانکەکە دەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-09-2022 لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی لیوا هاوبەشەکاندا دوو پێشمەرگە لەسەر نۆرەگرتنی مووچە دەبێتە دەمەقاڵییان و یەکێکیان نزیکەی نۆ گوللە دەنێت بە بانکی چەمچەماڵەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پێشمەرگەی تەقەی کردووە بەپێی ماددەی 405 راگیراوە، بەڵام پێشمەرگەکەی دیکە دەستگیر نەکراوە.
دابەشکردنی مووچە لە بانکی چەمچەماڵ بەردەوامە و لە کاتی رووداوەکە هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
ئەو دوو کەسە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، وەکو پێشمەرگەکانی دیکە سەردانی بانکیان بۆ وەرگرتنی مووچە کردووە و هیچ گرفتێکیان نەبووە لەوێ، تەنیا لەسەر نۆرەی وەرگرتنی مووچە بووەتە دەمەقاڵییان.