چالاکڤانێكی سیاسی کورد لە مهاباد سزادرا

رووداو- هەولێر

پێشەوا ساڵحزادە ناسراو بە ئاژوان، چالاکڤانی سیاسی و مەدەنی کورد لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا.


چالاکڤانی سیاسی کورد پێشەوا ساڵحزادە، هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر محەممەدخاه، سزای 30 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ناوبراو داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەی لەدادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ کردبوو، بەڵام ئەو دادگایە بە سەرۆکایەتی دادوەر خەلیل نژاد، داواکارییەکەی قبوڵنەکرد و حوکمەكەی پشتڕاستکردەوە.

پێشەوا ساڵحزادە، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوی مەدەنی تیرۆژ و سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵ و شرۆڤەی شارۆنیوز بوو، کە زستانی ساڵی رابردوو بەتۆمەتی ئەندامێتی بۆ پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و سازدانی کۆبوونەوە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری مهابادەوە دەستبەسەرکرا، وەک خۆیشی باسیکردووە، ماوەی 50 رۆژ بێ دادگایکردن لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە.

پاشان بەدانانی بارمتەی 150 ملیۆن تومەنی بەشێوەی کاتی ئازادبوو، بەڵام دواتر بەتۆمەتی سازدانی خۆپیشاندان لە شاری مهاباد، بەمەبەستی پاڵپشتی لە کۆبانێ، هەروەها بەشداریكردنی لە کۆڕی مۆم داگیرساندن بۆ منداڵانی شیناوێ و، بەشداریكردنی لە کەمپەینی پۆشینی جلی ژنانەدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە 30 مانگ زیندانی سزادرا.