پۆلیسی کەرکووک بۆ رووداو: درۆنەکە تایبەت بوو بە چاودێری و لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی عێراق خرایە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک خرایە خوارەوە، درۆنێکی گەورەی چاودێری بوو و لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی عێراقەوە خراوەتە خوارەوە.
عامر نووری، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک لە لێدوانێکدا لەبارەی خستنەخوارەوەی تەنێک لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024) دوای بینینی درۆنێک لە ئاسمانی کەرکووک، بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنەکەی خستەخوارەوە."
عامر نووری هەروەها دەڵێ درۆنەکە "درۆنێکی گەورەی چاودێرییە، بەڵام هێشتا نازاندرێت سەر بە چ وڵاتێکە و لە کوێوە هاتووەتە ئاسمانی کەرکووک."
عامر نووری گوتی، "سوپای عێراق لە نزیک ناحیەی چیمەن درۆنەکەی کردووەتە ئامانج و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک کەوتە خوارەوە."
لە خستنەخوارەوەی درۆنەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە و زیانی مادیشی نییە. هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک و سوپا لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کوێوە هاتووە، وەکو گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، درۆنەکە بە ژمارەیەک مووشەکی زەوینی-ئاسمانی کراوەتە ئامانج، کە لەنێوان سێ بۆ چوار مووشەک بوون.