کۆمیسیۆن: پارێزگای هەولێر لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەکەمە

29-08-2023
نیشانەکردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، لە هەولێر زۆرترین کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، ئەویش بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکان لەو پارێزگایەدا.
 
رۆژی 13ـی تەممووزی 2023 نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیاربوو 12ـی ئاب تەواو ببێت، بەڵام کۆمیسیۆنی عێراق تاوەکو 12ـی ئەیلوول درێژی کردەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە هەولێر 893 هەزار و 793 کەس تۆماری دەنگدەرانی نوێ کردووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 57 هەزار و 614 و لە پارێزگای دهۆک 679 هەزار و 195 کەس تۆماری بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی لە 13ـی تەمموزەوە سەردانی بنکەکانیان کردووە و کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە. عیماد جەمیل دەڵێت "هەولێر و سلێمانی وەکو یەکن جیاوازییەکی زۆریان نییە، راستە هەولێر بە جیاوازییەکی کەم لە پێش سلێمانییە لە دەرکردنی تۆماری بایۆمەتریدا، بەڵام ئەوە بەهۆی ئاوارەکانە، لە 13ـی حەوتەوە لە هەولێر 72 هەزار و 838، سلێمانی 71 هەزار و 913 و لە پارێزگای دهۆک 33 هەزار و 372 کەس کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە."
 
لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى عێراق دەڵێت: "ئەوە لەسەر خواستی خەڵک وەستاوە، ئەگەر ببینین خەڵکێکی زۆر سەردانی بنکەکان دەکەن و تۆمار نوێ دەکەنەوە لە دوایین ساتەکان ئەوە وادەکە درێژدەکەینەوە."
 
رۆژی 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە