بەرپرسیار؛ لە رێگەی پرۆگرامێکەوە ژنان و پیاوان رووتدەکرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وێنەی ئاسایی هەر کەسێک کە لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ئەکاونتە کەسییەکان بڵاودەکرێنەوە، لەلایەن گرووپێکەوە لە رێگەی پرۆگرامی تایبەتەوە دەستکاری دەکرێن و رووت دەکرێنەوە، دواتر لە تێلیگرام و تیکتۆک بڵاودەکرێنەوە، تایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک و شنگال.

 

بەشێک لە قوربانییەکان دەڵێن: هەڕەشە لەسەر ژیانمان هەیە. رێکخراوێکی کوردانی ئێزدیش دەڵێت: هەندێک لەو کەیسانە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و کەسی واش هەیە کۆتایی بە ژیانی هاتووە.
 
عەزیز رەعد، ناوی خوازراوی یەکێک لە قوربانییانی ئەو گرووپەیە. رۆژی دووشەممە 28-08-2023 لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پیشکێشی دەکات، گوتی: "وێنەیەکی ئاساییم لە لالش گرتبوو، ئەو وێنەیان دەستکاری کردبوو گۆڕیبوویان بۆ رووت و لە تێلیگرام بڵاوکرابووەوە. نازانم ئەو کەسانە کێن. گومانیشم لە کەس نییە و کێشەم لەگەڵ کەسیش نییە".
 
 
وەک عەزیز رەعد باسیدەکات، ئەو کارە تەنیا بەرامبەر ئەو نەکراوە، بەڵکو وێنەی دەستکاریکراوی چەند کچێکی دیکەش کە کەسوکاری عەزیزن، بڵاوکراوەتەوە. عەزیز دەلێت "لەو رۆژەی وێنەکەم بەو شێوەیە بڵاوکراوەتەوە شەرم دەکەم بچمە دەرەوە." دەشڵێت کچێکی هاوڕێی هەمان کاری دەرهەق کراوە. چەند کچێکی دیکەش ئەو کارەیان بەرامبەر کراوە و ئەوانیش نازانن کێن. ئەوانەی ئەو کارە دەکەن تەنیا شکۆمان دەشکێنن".
 
موقەدەم فەلاح حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای دهۆک، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەجۆرێک سزاکەی بەندکردنە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت. بەپێی یاسای عێراقیش ژمارە 111ی ساڵی 1969 لە ماددە 430 تاوەکو 438 پەیڕەو دەکرێت".
 
وەک موقەدەم فەلاح حەسەن دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەو جۆرە کەیسانە لەلایەن ئەوانەوە بە 'نهێنی' دەکرێت. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا. هەفتەی جارێک دایک و باوک و منداڵ بەیەکەوە دانیشن و باشی کێشەکانیان بکەن. ژمارە 119ـی هێڵی گەرم هەمیشە کراوەیە و لە خزمەتی هاونیشتمانییان دایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".
 
کچێکی کوردی ئێزدی کە نەیویست ناوی بهێنرێت و  هەفتەی رابردوو وێنەی دەستکاریکراوی بڵاوکراوەتەوە، بە رووداوی گوت: "تازە دەستنیشانکراوم، لە رێگەی کوڕی خاڵیکمەوە ئاگادارکرامەوە کە وێنەکەم دەستکاری کراوە. وێنەکەم خێزانی بوو ئاسایی بوو، بەڵام گۆڕیویانە بۆ نەشیاو. بەم هۆیەوە دەستگیرانەکەم تووڕەب ووە و رۆیشتووە".
 
سۆزان سەفەر، سەرۆکی رێکخراوی داک بۆ گەشەپێدانی ژنانی ئێزدی، ئەو کارە بە'مەترسی' بۆ سەر ژیانی ئەو کەسانە ناوبرد و گوتی: "وەک رێکخراو رێنمایی کچان و ژنان دەکەین بە ئاسانی ئاد وەرنەگرن. بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کچێک مانای ئەوە نییە ئەو کارەکەی کردبێت".
 
بە گوتەی سۆزان سەفەر، ئەو پیاوانەی کە وێنەیان دەستکاری دەکرێت و بەشێوەی نەشیاو'رووت' بڵاودەکرێنەوە، 'لە روویان نایەت' سکاڵا بکەن. گوتیشی: "باوەڕبەخۆبوون لەم جۆرە کەیسانە زۆر گرنگە، بەشێک لە قوربانییەکان کاتێک دەگاتە ئاستی سکاڵا، پەشیمان دەبنەوە. بوونی هۆشیاریش لای ئێمە و خێزان زۆر گرنگە".