گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر: هەفتەی داهاتوو ژمارە دەدرێتە ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2024

29-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 دراوە و پشکنین و هەززەشیان بۆ دەکرێت، بەڵام تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول ژمارە ناکرێن.
 
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو ساڵێک لە دەستپێکی مانگی حوزەیرانەوە رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ساڵی دواتر دەدرێت، واتا ئێستا ئێمە لە ساڵی 2023داین و لە مانگی حوزەیرانەوە رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی 2024 دراوە و پشکنین و هەززە و هەموو شتێکیان بۆ دەکرێت."
 
لەبارەی پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت "لە 1ـی 9ـەوە تۆمار دەکرێن و ژمارەیان پێدەدرێت، هەموو ساڵێکیش بەوشێوەیە بووە."
 
فازڵ حاجی گوتیشی، "ئەوانەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024ـیان پێیە و ژمارەکەیان کاتییە، تاوەکو تۆمار دەکرێت و ژمارەی پێدەدرێت، تووشی سزای دواکەوتن نابن."
 
هەموو ساڵێک رێگە بە هاوردەکردنی سێ مۆدێل ئۆتۆمبێل دەدرێت، کە لە نێوەڕاستی ساڵ رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ساڵی دواتر دەدرێت و هاوردەکردنی مۆدێلێکی کۆنتر رادەگیرێت. فازڵ حاجی دەڵێت، "ئێستا ئێمە تۆماری ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2021-2022 و 2023 دەکەین، لە مانگی ئەیلوولەوە تۆماری 2024 دەکەین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە