گومرگەکانی ورمێ: لە دوو ساڵدا بایی 8 ملیار دۆلار کەلوپەل هەناردە کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵدا بایی 8 ملیار دۆلار کەلوپەل لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە.
 
خالید جەنگجوو، سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لەو ماوەیەدا بایی 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار شتوومەک هەناردەی تورکیا کراوە، کە لەڕووی کێشەوە 29% و لەڕووی نرخەوە 51% زیادیکردووە.
 
خالید جەنگجوو گوتی، هەر لەو ماوەیەدا بایی ملیارێک و 983 ملیۆن دۆلار لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە کەلوپەل هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە؛ بەوپێیەش بەراورد بە دوو ساڵ پێشتر، لەڕووی کێشەوە 15% و لەڕووی نرخەوە 22% زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە هەردوو دەروازەی سنووریی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران و کێلێ بایی سەروو یەک ملیار دۆلار کەلوپەل هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
سەبارەت بە قەبارەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ کۆماری ئازەربایجانیش، ئەو بەرپرسەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بایی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی پولدەشتەوە هەناردەی هەرێمی نەخجوانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان کراوە، ئەوەش لەڕووی نرخەوە 104% و لەڕووی کێشەوە 92% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
 
سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای ورمێ باسی ئاماری هەناردەی ئەمساڵیشی کرد و گوتی، لە پێنج مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بایی 2 ملیار و 432 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەروارد بە هەمان ماوەی ساڵی پار بە رێژەی 10% زیادیکردووە.
 
لەبارەی چالاکییەکانی دەروازە سنوورییەکانیش، خالید جەنگجوو رایگەیاند، لە سنوورەکانی رازیی خۆی، بازرگانی ماکۆ، تەمەرچین - حاجی ئۆمەرانی پیرانشار و سێرۆی ورمێ چالاکییەکان کراونەتەوە 24 کاژێری و لە سنووری پولدەشت 16 کاژێر و لە سنووری کێلێی سەردەشتیش سنوورەکە 10 کاژێر لە رۆژێکدا کراوەیە.
 
لە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان شەش دەروازەی سنووریی هەن کە سیانیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پولدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخجوانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.