وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: ئاگاداری پێشنیازێک نین بۆ ناردنی 598 ملیار دینار وەکو قەرز بۆ مووچە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئاگاداری پێشنیازێک نین بۆ ناردنی 598 ملیار دینار وەکو قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، "ماوەی چەند رۆژێکە لە چەند کەناڵ و دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵێک لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی 598 ملیار دیناری وەکو قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت."

وەزارەتەکە چوار خاڵی بۆ رای گشتی و سەرجەم میدیاکانی خستووەتەڕوو، بەمشێوەیە:
       
1- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاوبکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیارییەک لەپەیجی فەرمیی خۆمان بڵاونەکرێتەوە جێی متمانە و باوەڕ نییە.

2- بە هیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا رەتکرابێتەوە.

3- وەکو وەزارەتی دارایی پابەندیی خۆمان بە جێبەجێکردنی سەرجەم مادە و بڕگەکانی یاسای گشتیی بودجەی عێراق دووپات دەکەینەوە و هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات.

4- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان درا و خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان، بە شێوەیەکی فەرمی رایدەگەیێنین وەکو چۆن پێشتر رامانگەیاندووە.