سوپای عێراق هەوڵی دەرکردنی کوردانی تۆپزاوا دەدات؛ 'بە زووترین کات لەسەر ئاستی باڵا وەرنە سەر هێڵ'
رووداو - کەرکووک
هێشتا درووشم و نووسراوی سەر دیوارەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو لە سەربازگەی تۆپزاوا هەر ماون، ئەو شوێنەی لە ساڵی 1988 بەر لە شەهیدکردنیان ئەنفالکراوانی تێدا کۆدەکرایەوە. ئێستا جارێکی دیکە هێزێکی فیرقەی 11ی سوپا دەیانەوێت بیکەنەوە سەربازگە بۆ خۆیان.
بەشێکی زەویی سەربازگەکە بە تاپۆ هی مام ئەحمەدە و ئێستا بەکاریدەهێنێت، دەڵێت، "ئەفسەر و سەربازەکان سەرەتا گوتیان دێین و دەبینە دراوسێتان، دواتر گوتوویانە خۆتان ئامادە بکەن بۆئەوەی کە سەربازگە کرایەوە، لێرە بڕۆن."
ئەحمەد سلێمان، خەڵکی تۆپزاوا دەڵێت، "پێیان گوتین، ئێوە دەبێت لێرە بار بکەن. گوتم، چۆن و بۆچی بار بکەین؟ دیسان بڕۆینەوە هەولێر و سلێمانی؟ گوتیان، ئەمە هی حکومەتە. گوتم: ماڵ حکومەتە، زەوییەکەی هی خۆمانە."
کوردانی تۆپزاوا دژی ئەو هەوڵە گردبوونەوە و دەڵێن، "سێ رۆژە 15 ئۆتۆمبێلی سوپا بە چەکی قورسەوە دێنە سەریان و لە هەوڵی دروستکردنەوەی سەربازگەکەدان، کە بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار ماڵ دەکەونە بەردەم دووبارە راگواستنەوەیان و دەربەدەرکردنیان."
شێرزاد محەممەد، دانیشتووی تۆپزاوا ئاماژە بەوە دەکات، "یەکەم و دووەم جار نییە، دواجاریش نییە و هەر دەگەڕێنەوە. دەیانەوێت ئەم سەربازگەیە تازە بکەنەوە و بیکەنەوە سەربازگە."
ساتیح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، "بە زووترین کات وەرنە سەر هێڵ لەسەر ئاستی باڵا، یەکەم رێگری بکەن لە سوپا کە جارێکی دیکە نەیاتەوە ئێرە؛ دووەم، وەرن چارەیەکی بکەن و ئێرە بکەنە مۆنۆمێنتێک، شتێک."
سەربازگەی تۆپزاوا لە ساڵی 1987 دروستکرا و راستەوخۆ دوای دروستکردنی خەڵکی گوندەکە دەربەدەر کران. خەڵک دەڵێن، ئێستاش پیلانگێڕی هەیە لە دژیان.
رێکخراوەکانی تایبەت بە ئەنفال دژی ئەو هەوڵە هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە. هێمن کە زیاتر لە 71 ئەندامی بنەماڵەکەی ئەنفالن و خۆیشی بە منداڵی لەو سەربازگانە زیندانی کراوە پێش جیاکردنەوەی لە کەسوکاری، ئەو ئێستا چالاکوانی بواری ئەنفالە و دەڵێت، "کەمتەرخەمیی زۆر هەیە لەوەی ئەو سەربازگانە تائێستا بەو جۆرە ماونەتەوە."
هێمن کامیل، کەسوکاری ئەنفال و ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی کورد دەبێت کار بکەن کە سەربازگەی تۆپزاوا لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق لاببەن و بگەڕێتەوە بۆ سەر گوندی تۆپزاوا، لەوێشەوە دواجار قەرەبووی تۆپزاوا بکرێتەوە، سەربازگەی تۆپزاوا بمێنێتەوە و یادگارییەکی تێدا دروست بکرێت."
گوندی تۆپزاوا تاکە ناوچەی کوردییە لە باشووری کەرکووک، ماوەیەک لەمەوبەر سوپا هەوڵی دەستگرتنە سەر زەوییەکانیانی دابوو، ئێستاش چاوی بڕیوەتە سەربازگە کۆنەکان تاوەکو لەو رێگەیەوە بێتە نێو گوندەکەیانەوە.