پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقڵاوە لە 100 شوقە پێکدێت و بە زیاتر لە 150 کەس فرۆشراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی زارینا ساڵی 2014 لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە دەست بە دروستکردنی کرا و لە 2020 لەلایەن دوو وەبەرهێنەری دیکەوە کڕدرا. تاوەکو ئێستا لە کۆی 100 شوقەی پڕۆژەکە، زیاتر لە 150 خاوەنیان هەیە. قایمقامی شەقڵاوە دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکە راگیراوە و لیژنەیەکی تایبەت بە دەرخستنی راستییەکان پێکهێندراوە.
 
'بووینەتە قوربانیی نێوان وەبەرهێنەرانی پڕۆژەکە'
 
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 حەسەن بەرزنجی، نوێنەری خاوەن شوقەکانی زارینا لە شەقڵاوە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "کێشەکە لەنێوان هاوبەشەکانی پڕۆژەکەیە و ئێمە بووینەتە قوربانی. هەریەکەیان ئەوی دیکە تۆمەتبار دەکات."

 

 
پڕۆژەکە لە 20 نهۆم پێکهاتووە، 10 نهۆمی تەواو کراوە و نهۆمەکانی دیکە تەواو نەکراون. بەپێی گرێبەستی خاوەن شوقەکان، بڕیار بوو شوقەکان لە سەرەتای ساڵی 2022 رادەست بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراون و هیچ شوقەیەک رادەست نەکراوە.
 
یەکێک لە وەبەرهێنەرانی پڕۆژەکە: 88 دەفتەرم لای هاوبەشەکەم ماوە
 
نوورەدین مەجید، یەکێک لە وەبەرهێنەرانی پڕۆژەکەیە و خاوەن زەویی پڕۆژەکە و خاوەن مۆڵەتی پڕۆژەکەیە و دەڵێت، "لە ساڵی 2020 گرێبەستمان کرد و کۆمپیالەمان بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار کرد، بەڵام پارەیان نەدا و تاوەکو ئێستا 880 هەزار دۆلار'88' دەفتەرم لای زانا ئەمجەد ماوە. بەڵام مۆڵەتەکەم تاوەکو ئێستا بەناوە و تاپۆکەم خستووەتە سەر ناوی ئەوان. مۆڵەتەکەش ناکەمە سەر ناوی ئەوان تاوەکو پارەکەم بۆ نەگەڕێننەوە."
 
 
'هاوبەشەکەم پەشیمان بووەوە'
 
نوورەدین مەجید لە رێککەوتنی 05-05-2020 گرێبەستی لەگەڵ زانا ئەمجەد کرد بۆ فرۆشتنی پڕۆژەکەی بە رێژەی 75٪. زانا ئەمجەد، دەڵێت، "دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە، نوورەدین مەجید پەشیمان بوویەوە و لێمان هەڵگەڕایەوە داوای زیادکردنی رێژەکەی کرد لە 25٪ بۆ 50٪."
 
سەربەست شاکر، خاوەن شوقەیە لە پڕۆژەکە، بە رووداوی گوت، "بەهۆی تەواونەبوونی پڕۆژەکە و وەرنەگرتنی شوقەکەم، کێشەم لەگەڵ هاوژین و ماڵی خەزوورم بۆ دروستبووە. هاوژینەکەم جێی هێشتووم".
 
'لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ پڕۆژەکە پێکهێندراوە'
 
 
پڕۆژەی زارینا لە سەرەتای دروستکردنیەوە لە 2014 رێگەپێدانی بۆ 12 نهۆم وەرگرتووە، بەڵام دوای فرۆشتنی بە دوو وەبەرهێنەری دیکە، 8 نهۆمی بۆ زیادکراوە.
 
کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە، زیادکردنی 8 نهۆمی پڕۆژەکەی بە 'نایاسایی و مۆڵەت پێنەدراو' ناوبرد و گوتی: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی راستییەکان بۆ پڕۆژەکە پێکهێندراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیێندرێت.