رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، بەپێی لێکدانەوەکانیان، دوایین مانگی هاوین پلەکانی گەرما پلەیەک تاوەکو پلە و نیوێک گەرمتر لە ئاستی نۆرماڵ دەبێت و گەرما لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەشەوە، زیاتر دەبێت.
فیروز دەوڵەتشاهی گوتی، "زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت دوایین مانگی هاوین لە پارێزگای کرماشاندا باران نەباریوە و ئەمساڵیش چاوەڕوان ناکرێت ئەم مانگە باران ببارێت."
سەحەر تاجبەخش، سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێرانیش باس لەوە دەکات "مانگی خەرمانانیش گەرمتر دەبێت لە ئاستی نۆرماڵ. هۆکارێک نییە کە بتوانێت پلەکانی گەرما دابەزێنێت، کەوابوو تاوەکو کۆتایی هاوین پلەکانی گەرما بەرز دەبن، بەڵام نەخشەکانی ئێمە نیشانی دەدەن وەرزی پاییز، بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژئاوادا، بارینی باران زیاتر لە ئاستی نۆرماڵ دەبێت."
گۆڕانی کەشوهەوا پلەکانی گەرمای لە پارێزگای کرماشانیش بەرزکردووەتەوە، پارێزگایەک کە رۆڵێکی لەو گۆڕانکارییەدا نەبووە. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی وەکو قەسری شیرین تاوەکو نزیکەی 50 پلەش بەرزتر دەبنەوە. ئەگەرچی شوێنێکی وەکو قەسری شیرین هەر گەرم بووە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەشدا پلەکانی گەرما بەرز بووەتەوە، بەجۆرێک کە بەفری لووتکە بەرزەکان کە ساڵەوساڵ نەدەتوانەوە، ئێستا لەبەر گەرما دەتوێنەوە.
هۆکاری گەرمبوونی بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز و خەڵووز دەگەڕێتەوە، کە جگە لە گەرمتربوون، رۆژە گەرماکانی ساڵیش زیاتر دەبن.
سەرەڕای گەرمای زۆر، ئەم رۆژانە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان قەرەباڵخن. لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 72 هەزار و 300 زیارەتکار گەیشتوونەتە عێراق بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن.
قەسری شیرین لە سەر هیڵی سنووریی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە، کە بەشێکی زۆری گەرم و بیابانە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی لەسەر ناوچەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش دروستدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ