ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی: گرووپێکی سەر بە داعشمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیێنێت، گرووپێکی سەر بە داعشیان لە ناحیەی بازیان دەستگیر کردووە کە "مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی دژی دامەزراوەکانی حکومەت لە سنوورەکە ئەنجام بدەن و ئارامیی خەڵک تێکبدەن."
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، دەستگیرکردنەکە پاش ئەوە بووە "لە چەند رۆژی رابردوودا لە قەزای بازیان لە ھەندێک شوێنی گشتی درووشمی داعش نووسراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای نووسینی "درووشمی داعش" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێندرا بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد و "لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەدەستکەوت و شوێن و ناسنامەی تیرۆریستان ئاشکرا کران و خرانە ژێر چاودێریی وردەوە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، "دوای رەزامەندیی بەڕێز دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە لە چوار ئۆپەراسیۆن و ھەڵمەتی جیاجیادا ھەر چوار تیرۆریستی تاقمەکە (ر. ج)، (ر. ج. ح)، (ئ. س) و (م. ج) لە رۆژی 27ی ئابی 2022، کە بە رەگەز کوردن، لە بازیان دەستگیرکران."
بە گوتەی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و "مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن لە سنوورەکە دژی دامەزراوەکانی حکومەت و ئارامی لە خەڵک تێکبدەن." ئاماژە بەوەش کراوە کە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە و "لەبەر ھەستیاریی کەیسەکە ھەندێک زانیاری بە نهێنی ھێڵدراونەتەوە."