درۆنێکی تورکیا کەمپی مەخموور بۆردوومان دەکات؛ کوژراو و بریندار هەن


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا کەمپێکی مەخمووری بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە کەسێك گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون.
 
ئیبراهیم عەزیز، دانیشتوویەکی گوندی قەسران باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "نیوەڕۆ بوو هەر ئەوەندە دەنگێکی بەرز هات و هاتینە دەرەوە بینیمان کەمپەکە بۆردوومانکراوە، دووکەڵ لە نێو کەمپەکە بەرزبووەوە."
 
لە بۆردوومانەکە ژن و کچێکی ئەبوزێد لەگەڵ دوو پیاوی دیکەش بریندار بوون و دوای وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی رەوانەی ماڵ کراونەوە، لە دوای 2017 و نەمانی دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، ئەوە 11یەم جارە کەمپی مەخموور لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت.
 
جەمیل سنجاوی، دانیشتووی گوندی قەسران دەڵێت، "ئەو فڕۆکەیەی کەمپەکەی بۆردوومان کردووە زۆر بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە، چونکە ئەو شوێنەی ویستوویەتی بۆردوومانی کردووە، میوانێکمان هات لە رێگە لە دیبەگەوە گوێی لە دەنگی بۆردوومانەکە بوو."
 
دوای تێپەربوونی 2 کاژێر بەسەر بۆردوومانەکەی کەمپی مەخموور فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنووری شنگال بۆردوومان کرد.
 
کەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە، بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن.