کۆگایەکی ئارد و نانەواخانەیەک لە دهۆک بەهۆی 'بوونی کرم لەنێو ئاردەکەیان' دادەخرێن

 
رووداو - دهۆک

لە دهۆک بەهۆی بوونی کرم و مێشوولە لەنێو ئاردی کۆگایەکی ئارد ماوەی 10 رۆژ داخرا و نانەواخانەیەکیش بە هەمان هۆکار ماوەی پێنج رۆژ داخرا، ئەوەش دوای ئەوەی هاونیشتمانییەک لیژنەی پەیوەندیداری ئاگادارکردەوە لە بوونی کرم و مێشوولە لەنێو ناندا.
 
د. ئاراز مستەفا، ئەندامی لیژنەی نانەواخانەکانی قایمقامی قەزای دهۆک رایگەیاند، بەدواداچوونیان کردووە بۆ ئاردەکە کە لە چ کۆگایەکەوە براوە و نانی لێ دروستکراوە، سەردانی کۆگاکەیان کردووە و دەرکەوتووە مێشوولەی تێدایە، نزیکەی هەشت تۆن ئاردی خراپبوو لە کۆگاکەدا بووە کە بۆ خواردن گونجاو نەبووە.
 
دانیشتووانی نزیک ئەو نانەواخانەش کە لەسەر خراپیی ئاردەکەی سزادراوە باس لەوە دەکەن کە چەندین ساڵە نان لەوێ دەکڕن و پێشتر کێشە لە نانەکەیدا نەبووە.
 
یاد نەوزاد، قوتابی ئاماژەی بەوە کرد، زۆر جار نانی لەو نانەواخانە کڕیوە و هیچ کێشەیەک لە نانەکەیدا نەبووە.
 
بەپێی ئامارەکان، لە شاری دهۆک نزیکەی 300 نانەواخانە و سەمونخانە هەن.