دایكی پێنج منداڵ خۆی دەخنكێنێ

رووداو- قەڵادزێ‌

زەریفە بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش لەگەڵ هاوژینەكەی دەچنە نێو باخەكەیان لە دەرەوەی قەڵادزێ‌، بەڵام هاوژینەكەی بەهۆی كارێكەوە جێیدەهێڵێت، كاتێك دەگەڕێتەوە نێو باخەكە، دەبینێ‌ زەریفە خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

زەریفە عەلی حەسەن، تەمەن 45 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە قەزای پشدەر، شەوی 21/8/2019 لە نێو باخەكەیان لە دەرەوەی قەڵادزێ‌، بە پەتێك خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە دوای خۆی پێنج منداڵی جێهێشتن (چوار كچ و كوڕێك). 

كوڕە تاقانەكەی زەریفە بە تۆمەتی كوشتنی هاوپۆلێكی لە زیندانە. كەسوكارەكەی وا مەزەندە دەكەن لە داخی ئازادنەكردنی كوڕەكەی، خۆی خنكاندبێ.

حەسەن كە برای زەریفەیە، لەبارەی ژیانی خوشكەكەیەوە دەڵێت: "ماڵی خوشكەكەم باری ئابوورییان باش بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە لەوان دوورم، نەمدەزانی كێشەیان هەیە یان نا. ئەگەر بمزانیایە كێشەیان هەیە نەمدەهێشت بگاتە ئەوە و بۆم چارەسەر دەكردن".

حەسەن رەتیكردەوە كە ئەوان داوایان لەدژی كەس هەبێ‌ و گوتی "مادام بە دەستی خۆی، خۆی خنكاندووە، ئێمە وەكو بنەماڵەكەی سكاڵامان لەدژی كەس نییە".

محەممەد عەباس كە برازای هاوژینی زەریفەیە، ئاماژەی بەوەدا كە كێشە لە نێوان مامی و ئامۆژنیدا هەبووە و دەڵێت "پێشتر چەند جارێك كێشە لە نێوانیاندا دروست بووە، بەڵام چارەسەریان كردووە. كێشەكانیش بچووك بوون و هێندە گەورە نەبوون كە بگەنە ئاستی ئەوەی لە یەكدی جیاببنەوە".

بە گوتەی محەممەد، ئامۆژنی پێشتر هەڕەشەی خۆكوشتنی كردووە. هۆكاری هەڕەشە لەخۆكردنەكەی ئامۆژنی رووندەكاتەوە و دەڵێت "ساڵێك لەمەوبەر كوڕە تاقانەكەی مامم لە رووداوێكی كوشتن تێوەگلا. هاوڕێكانی بەشەڕ هاتبوون و یەكێك لە قوتابییە بەشەڕهاتووەكان كوژرا. ئیدی ئەویان تۆمەتبار كرد. بەڵگە هەیە كە ئەو دەستی لە تاوانەكەدا نییە، تاوەكو ئێستاش دووجار بە كەفالەت ئازاد كراوە، بەڵام دواتر دەستگیركراوەتەوە. لەسەر ئەوە ئامۆژنم هەڕەشەی خۆكوشتنی كردبوو، تەنانەت دوایین جار چووبووە ماڵی باوكی كوڕە كوژراوەكە و داوای لێكردبوون سكاڵاكەیان لەسەر كوڕەكەی بكێشنەوە، چەند رۆژێك دوای ئەوە خۆی خنكاند".

وەك محەممەد دەڵێت، ئەو رۆژە ئامۆژنی داوای لە مامی كردووە، بۆ كاتبەسەربردن و نانخواردنی ئێوارە بچنە باخەكەیان كە لە دەرەوەی قەڵادزێیە "سەر لە ئێوارە مامم دەڕوات بۆ دووكانەكەی و گوتبووی سەیارەت لایە بۆ خۆت وەرەوە. كاتێك مامم گەڕابووەوە ماڵەوە، بینیبووی ئامۆژنم هێشتا نەگەڕاوەتەوە. تەلەفۆنی بۆ كردبوو وەڵامی نەدابووەوە، بۆیە مامم بە پەلە خۆی گەیاندبووە باخەكە. لەوێ‌ بینیبووی ئامۆژنم بە پەت خۆی هەڵواسیوە".

محەممەد پێیوایە ئامۆژنی بەرگەی دووریی كوڕەكەی نەگرتووە بۆیە خۆی خنكاندووە.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەبارەت بەو دۆسیە بە (رووداو)ی گوت: "شەوی 20ی ئابی 2019 بە پۆلیس ڕاگەیێندرا كە تەرمی ژنێكی تەمەن 45 ساڵ لە دەرەوەی قەڵادزێ‌ لە نێو باخێكدا بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە. پۆلیس تەرمەكەی برد بۆ نەخۆشخانە و دۆسیەی بۆ رووداوەكەش كردەوە".

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانی پۆلیس "ئەو ژنە پێشتر دوو جار لەگەڵ هاوژینەكەی كێشە كەوتووەتە نێوانیان و پەنایان بۆ دادگا بردووە، بەڵام دواتر پێكهاتوونەتەوە و دۆسیەكەیان لە دادگا كشاندووەتەوە".

سەبارەت بەوەی كە دەگوترێ‌ كە ئەو ژنە لەداخی دەستگیركردنی كوڕەكەی خۆی خنكاندووە، رائید شۆڕش دەڵێت: "راستە كوڕە تاقانەكەی بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك بەپێی ماددە 406 لە یاسای  سزادانی عێراقی دەستگیركراوە. بەڵام پۆلیس لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات تاوەكو بزانێ‌ هۆكاری خۆخنكاندنەكەی چی بووە".

پۆلیس ئیفادەی لە هاوژینی زەریفە وەرگرتووە. لە ئیفادەكەیدا دەڵێت "هاوژینەكەم نەخۆشیی دەروونی هەبووە. لە كاتی رووداوەكە بە تەنیا بووە و هەر بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە خۆی خنكاندووە".