لە شەمزینان شەڕ لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا روویدا

رووداو - شەمزینان

لە ئاکامی پێکدادانی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) و سەربازانی سوپای تورکیادا لە شەمزینان 2 ئەفسەری سوپای تورکیا کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوونەتەوە، لە نزیک ناوچەی دەرەجیکی سەر بە شەمزینان لە باکووری کوردستان، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا دروستبووە.

لە پێکدادانەکەدا دوو ئەفسەری پسپۆڕی سوپای تورکیا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوونە.

هاوكات هێزەکانی پاراستنی گەلی سەر بە پەکەکە، دیمەنی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان بڵاوکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە لەڕێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە رۆژی 23-8-2016 تەقێندرابووەوە، بەهۆیەوە چەند سەربازێك كوژران.