لە شەش مانگدا 3500 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆماركراوە

29-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن توندوتیژی دژی ژنان
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە بەرواردكردنی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ لەگەڵ شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵكشاندایە، بەڵام كوشتن و خۆكوشتنی ژنان كەمی كردووەو لە بەرامبەریشدا سكاڵا زیادی كردووە.

رۆژانە 20 حاڵەتی توندوتیژی

یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان ناسراوە، چەندین حاڵەتی دیاری كردووە كە بە توندوتیژی دادەنرێن، وەك هاوسەرگیری بەزۆر، ژن بە ژن، منداڵ بە شوودان، لێكجوداكردنەوەی بەزۆر، بڕینی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، ناچاركردنی ژن بۆ كاری بەدڕەوشتی. بەشوودان لە جیاتی خوێن، خەتەنەكردنی مێیینە. لێدان بە هەر بیانوویەك بێت و...هتد.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كە لە ماڵپەڕی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بڵاوكراوەتەوە، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 3507 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە 8 نووسینگەكانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمار كراون. بەپێی ئەو ئامارە، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 ژن توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت.

هەر بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 2633 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوە، بە بەراوردكردنی ئاماری ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی رابردوو دەردەكەوێت كە 874 حاڵەتی توندوتیژی زیادی كردووە.

هەولێر توندوتیژترینە

ئەم زیادبوونی توندوتیژییە نزیكەی نیوەی بەر پارێزگای هەولێر دەكەوێت. بە جۆرێك لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 1351 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كراوە، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردووشدا 919 حاڵەت تۆمار كراوە. كەواتە ئەمساڵ 432 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر زیادی كردووە.

لە دهۆكیش بە هەمانشێوە توندوتیژی زیادی كردووە، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 822 حاڵەتی توندوتیژی تۆمار كراوە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 553 حاڵەت تۆماركرابوو. واتە 369 حاڵەت زیاد بووە.

بەڵام لە سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان توندوتیژی دژی ژنان رووی لە كەمی كردووە.

تاوانە گەورەكە كەمی كردووە

پێشتر كوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستنی شەرەفی خێزان بە تاوانێكی ئاسایی سەیر دەكرا، سزاكەشی بەپێی یاسای "پاراستنی شەڕەف" زیاتر نەبوو لە 6 مانگ بەندكردن.

بەڵام دوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و دەركردنی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان دەناسرێت. بكوژی ژنان بەپێی مادە 406 كە تایبەتە بە "كوشتنی بە ئەنقەست" دادگایی دەكرێت، بە جۆرێك هەندێكجار سزاكەی دەگاتە راددەی لەسێدارەدان.

پێناچێت ئەو یاسایە دەستی پیاوانی بە تەواوی گرتبێت بۆ كوشتنی ژنان، ئەگەرچی تاوانەكە خەریكە وردە وردە روو لە كەمبوونەوە دەكات. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 27 ژن كوژرابوون، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 25 ژن كوژراون.

هەروەها رێژەی خۆكوشتنیش كەمی كردووە، بە جۆرێك لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 21 ژن خۆیان كوشتووە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 13 ژن خۆیان كوشتووە.

رێژەی سووتان لە هەردوو شەش مانگی ئەمساڵ و رابردوودا وەكو خۆیەتی و 118 حاڵەت بووە، بەڵام رێژەی خۆسووتاندن كەمی كردووە. بە جۆرێك لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 73 ژن خۆیان سووتاندووە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 44 ژن خۆیان سووتاندووە.

رۆژانە 19 ژن سكاڵا تۆمار دەكەن

لەناو ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كێرڤی ئامارێك ساڵ بە ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەویش ئاماری سكاڵای ژنانە.

چالاكڤانانی بواری ژنان دوو خوێندنەوەیان هەیە بۆ زیادبوونی ئەو ئامارە، هەندێكیان هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ژنان، بەڵام هەندێكیشیان پێیانوایە زۆربوونی سكاڵا ئاماژەیە بۆ زۆربوونی توندوتیژی دژی ژنان.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 3232 سكاڵا لەلایەن ژنانەوە تۆماركراوە، واتە رۆژانە نزیكەی 19 ژن سكاڵایان تۆمار كردووە.

زۆرترین سكاڵاش لەلایەن ژنانی هەولێرەوە تۆمار كراوە كە 1267 سكاڵا بووە، هەروەها 777 ژن لە دهۆك، 569 ژن لە سلێمانی، 394 ژن لە گەرمیان، 147 ژن لە راپەڕین و 78 ژن لە سۆران سكاڵایان تۆمار كردووە.

بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ ئاماری سكاڵا تۆماركردنی ژنان لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە راپەڕین و گەرمیان كەمی كردووە و لە سلێمانیش تەنیا دوو سكاڵا زیاتر بووە. بەڵام لە هەولێر رێژەی تۆماركردنی سكاڵا 15% زیادی كردووە.

دەستدرێژی لە سلێمانی زیادبووە

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 75 حاڵەتی دەستدرێژی دژی ژنان تۆمار كراوە كە بەمجۆرە بووە (سلێمانی 35 حاڵەت، دهۆك 17 حاڵەت، راپەڕین 12 حاڵەت، گەرمیان 5 حاڵەت).

بەڵام بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان كەمی كردووە. ساڵی رابردوو 81 حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان تۆماركراوە كە بەم جۆرە بووە: (سلێمانی 39، راپەڕین 24، دهۆك 10، هەولێر 7 و گەرمیان 1 حاڵەتی دەستدرێژی).



بەپێی یاسا چی بە توندوتیژی دادەنرێت؟

- هاوسەرگیری بەزۆر
- ژن بەژن و منداڵ بەشوودان
- بەشوودان لەبری خوێن
- لێكجوداكردنەوەی بەزۆر
- بڕینی پەیوەندی كۆمەڵایەتی
- مێرد ژنەكەی ناچار بە بەدڕەوشتی و داوێنپیسی بكات
- خەتەنەكردنی مێینە
- ناچاركردنی تاكەكانی خێزان بۆ وازهێنان لە وەزیفە
- ناچاركردنی منداڵ بۆ كاركردن و سواڵكردن و بەجێهێشتنی خوێندن
- خۆكوشتن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان
- لەباربردن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان
- لێدانی تاكەكانی خێزان و منداڵ بە هەر بیانوویەك
- سووكایەتی، جنێودان، بە كەم سەیركردن و ئازاردان و گوشاری دەروونی و پێشێلكردنی مافەكانی و بەزۆر سەرجێیی.



ئاماری توندوتیژی دژی ژنان (شەش مانگی یەكەمی 2014)

كۆی گشتی    دەستدرێژی    سكاڵا    خۆسووتاندن    سووتان    خۆكوشتن    كوشتن    شوێن
1351    6    1267    18    44    6    10    هەولێر
822    17    777    14    9    2    3    دهۆك
639    35    569    7    21    3    4    سلێمانی
420    5    394    2    15    2    2    گەرمیان
178    12    147    3    13    0    3    راپەڕین
97    0    78    0    16    0    3    سۆران
3507    75    3232    44    118    13    25    كۆی گشتی

ئاماری توندوتیژی دژی ژنان (شەش مانگی یەكەمی 2013)

كۆی گشتی    دەستدرێژی    سكاڵا    خۆسووتاندن    سووتان    خۆكوشتن    كوشتن    شوێن
919    7    800    28    55    13    16    هەولێر
553    10    499    26    14    0    4    دهۆك
644    39    567    8    24    4    2    سلێمانی
245    1    223    5    9    4    3    گەرمیان
272    24    224    6    16    0    2    راپەڕین
2633    81    2313    73    118    21    27    كۆی گشتی



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە