ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان بۆ رووداو: کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان زیانی بە خەڵک گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان دەڵێت، نزیکەی 4 ساڵە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی وان کەمبوونەتەوە، "ئەوەش زیانی بە کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانیی وان گەیاندووە."  
 
نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەفتانە نزیکەی 12 گەشتی ئاسمانی بۆ وان ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەوە زۆر کەمە."  
 
سێ رۆژە کۆمەڵە گەشتیاری، بازرگانی و فڕۆکەوانییەکانی وانی باکووری کوردستان چالاکییەکیان دەستپێکردووە، ئەوەش بە ئامانجی گوشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە فڕۆکەخانەی وان بدات و ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان زیادبکرێن.
 
لەو بارەیەوە نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-7-2024) لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "ئامانجی چالاکییەکەمان گوشارخستنە سەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە تاوەکو گرنگی بە فڕۆکەخانەی وان بدەن و گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر بکرێن."  
 
بەگوێرەی داتاکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، رۆژانە زۆرترین گەشت کە بۆ فڕۆکەخانەکە بکرێن 12 گەشتی ئاسمانییە، ئەوە لەکاتێکدایە 4 ساڵ پێش ئێستا، رۆژانە لانیکەم 25 گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی وان دەکران. تەکڤا دەڵێت، "ئەو فڕۆکانەش کە ئێستا دێن، لە کەمتر لە کاژێرێکدا دەگەڕێنەوە و لە وان نامێننەوە." 
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی جوگرافیای وانەوە، زۆرینەی گەشتەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە و ئیستەنبووڵن. ژمارەی دانیشتووانی وان زیاتر لە ملیۆنێک کەسە و رۆژانە زیاتر لە 600 کەس لەنێوان ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ لەگەڵ وان هاتووچۆ دەکەن. 3 تاوەکو 4 ساڵە کێشەی کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر بووە."  
 
فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن لە پارێزگای وان ساڵی 1957 دروستکراوە و سەرەتای مانگی شوباتی ئەم ساڵ نۆژەنکرایەوە.
 
زیاتر لە 400 هەزار کەسی خەڵکی وان، لە ئیستەنبووڵ و هەزاران هاونیشتمانیی دیکەش لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا دەژین.
 
وان بەهۆی پێگە جوگرافی و گەشتیارییەکەیەوە شوێنێکی ستراتیژییە و کۆمەڵە گەشتیاری و بازرگانییەکان داوا دەکەن ژمارەی گەشتەکان زیادبکرێن.
 
نەجدەت تەکڤا گوتیشی، "کەمبوونەوەی گەشتەکان گرفتی تەندروستیشی دروستکردووە. رۆژانە لە وانەوە نەخۆش دەنێردرێنە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە، بەڵام بەهۆی کەمیی گەشتەکانەوە خەڵک کێشەی بۆ دروست دەبێت. ئەو کەمبوونەوەیە زیانی بە کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانیی وانیش گەیاندووە". 
 
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی گەشتەکان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان رایگەیاند، "کۆمپانیاکان دەڵێن زیان دەکەن، بەڵام دەبێت حکومەت دەستوەردان بکات."