لە وان پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگای دەم پارتی
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی وان هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندانی بەردەم بارەگای دەم پارتی کە لە دژی دەستگیرکردنی گەنجانی کورد بەهۆی شایی و هەڵپەڕکێ رێکخرابوو.
دوای تێپەڕینی نزیکەی هەفتەیەک بەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی گەنجانی کورد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە لە شاییدا بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە، ئێوارەی دووشەممە، 29-7-2024، گردبوونەوەیەک لە بەردەم بارەگای پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) بەڕێوەچوو.
هاونیشتمانیان بۆ سەرکۆنەکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی کورد لە شارە جیاوازەکان، لە بەردەم بارەگای دەم پارتی کۆبوونەوە.
عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتەکەش بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد.
هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی گردبوونەوەکە و هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا. بەڵام خەڵکەکە رەتیانکردەوە بڵاوەی لێ بکەن و گرژی لە نێوانی پۆلیس و خەڵک دروست بوو.
بەگوێرەی میدیای خۆجێی وان، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای دەم پارتی و ژمارەیەک لە بەشداربووانی رێپێوان و ناڕەزاییەکەیان دەستگیرکردووە. بەشێک لە کەسانە لە نێو بارەگای دەم پارتی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
لە رۆژی 21-7-2024وە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی گەنجانی کورد لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە تۆمەتی گۆرانیگوتن بۆ پەکەکە و ئۆجەلان دەستیپێکردووە.