دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر خانەنشیناندا دەستیپێکرد

29-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی فۆرم بەسەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا بۆ وەرگرتنی زەوی دەستیپێکرد. بەرپرسێکی خانەنشینی دەڵێت، دەبێت هەموو خانەنشینان لەو بانکە فۆرمەکە وەربگرن کە مووچەی لێ وەردەگرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 29-07-2024 عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هەموو خانەنشینانمان دەتوانن بچنە ئەو بانکانەی کە مووچەی لێ وەردەگرن و فۆرمی وەرگرتنی زەوی وەربگرن و دوای پڕکردنەوەشی بیبنەوە بۆ ئەوێ."
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە خانەنشینیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە هەولێریش دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی دەستپێدەکات و لە بانکەکانەوە دەدرێتە سەرجەم خانەنشینان کە مووچەی لێ وەردەگرن."
 
هەر خانەنشینێک ئەمڕۆ یان رۆژانی دواتر بچێت بۆ وەرگرتنی فۆرم، دەبێت دوو وێنەی خۆی، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، ناسنامەی خانەنشینی و فۆرمی وەرگرتنی خۆراکەکەی ببات.
 
هەر لەو بارەیەوە سادق عوسمان، سەرۆکی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "دابەشكردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی خانەنشینانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی خانەنشینان زۆرینەیان فەرمانگەی تایبەت بە خۆیان نییە، داواکراوە بچنە ئەو بانکانە بۆ وەرگرتنی فۆرم کە مووچەکەی لێوەردەگرن."
 
جگە لە خانەنشینان، لە ژمارەیەک لە شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستانیش فۆرمی دابەشکردنی زەوی دراوەتە فەرمانبەران.
 
چۆنێتی پڕکردنەوەی فۆرم
 
- ناوی چواری داواکاری زەوی (فەرمانبەرەکە)
- ناوی چواری دایک
- شوێنی نیشتەجێبوون بە گوێرەی کارتی زانیاری
- شوێنی لەدایکبوون
- باری خێزانی
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- ئەو فەرمانگەیەی کاری لێ دەکات
- ژمارەی ساڵەکانی راژەی بە نووسین و بە ژمارە
- پشتگیریی بەردەوامبوون لە راژەکەی
- ناوی هاوژین و منداڵەکانی
 
22ی ئەم مانگە ئاوات دەباخ، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، فۆرمیان دابەشکردووە و لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی 45 شارەوانی هەن و هەر شارەوانییەک لای خۆیەوە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەکردووە؛ گوتیشی، "بەگشتی لە سنووری ئێمەدا نزیکەی 32 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن."
 
هەمان رۆژ دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دهۆک و بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە رووداویان گوت، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی زەوی.
 
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی، سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
 
لە پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەویدا دەبێت رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
 
- پێویستە فۆرم بە 3 نووسخەی دەستنووس پڕبکرێتەوە و بۆ لیژنەکە بگەڕێندرێتەوە
- کۆپی رەنگاوڕەنگی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت
 
رێکارەکانی پێدانی زەوی لە پێنج مادە پێکهاتووە، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو سەنتەری پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو شارەکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو شارۆچکەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی لەدایکبوون
 
پێدانی زەوی بەو فەرمانبەر و خانەنشینانە لەگەڵ هەڵمەتی پێدانی زەوییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە