شارەوانییەکانی گەرمیان داوای راگرتنی مامەڵەکانی گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی گەرمیان داوای راگرتنی سەرجەم رێککارەکانی مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاری و شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانبەران و خانەشینان لە ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی نەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە نووسراوی ژمارە 3684 /400 کە رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووز دەرچووە، داوای لە ئیدارەی گەرمیان کردووە ئەو رێککارە بگرێتەبەر.
 
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە رێککارە بۆ ئەوەیە کە گواستنەوە بەمەبەستی زەوی لە شوێنی باشتر نەکرێت، بۆیە بۆ باشترکردنی پڕۆسەکە و بۆ ئەوەی مافی کەس نەخورێت، داوامانکردووە ئەو ماوەیە مامەڵەی گواستنەوەی شوێن و کارتی نیشتەجێبوون رابگیرێت."
 
فۆرمی دابەشکردنی زەوی لەلایەن سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەسەر فەرمانبەراندا دەستیپێکردووە، دەبێت تاوەکو 15ـی هەشت بیگەڕێننەوە بۆ وەزارتی شارەوانی.
 
بەرزان کەریم دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ئەو رێکارانەی هەیە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ ببێت، چونکە نیازەکە لەلای حکومەت هەیە کە ئەم ساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبکرێت."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە شارەوانییەکان زەوییەکانیان بۆ دابەشکردن دیاریکردووە، ئیفرازکردنی ئەو زەوییانە دەمێنێتەوە بۆ قۆناخی دواتر، دەشڵێت: "بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لە هەندێک لە شارەوانییەکانی گەرمیان رەچاوی ئەوە کراوە لە هەر شوێنێک زەوییەکان (جەدوا)یان ئەوتۆ نەبێت لە شوێنی باشتر زەوییان پێدەدرێت."
 
بەرزان کەریم ئاماژەی بەوەدا لەبەر ئەوەی سەرجەم شارەوانییەکان زەویی تەواویان لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی بەسەر هەموو فەرمانبەران و خانەنشینانی کوردستان، "بۆیە پەنا دەبرێتە بەر خاڵبەندی و سیستەمی کێبڕکێ کە چەند خاڵێک رۆڵی تێدا هەیە و چەند خاڵ زۆرتربێت کەسەکە ئەگەری وەرگرتنی زەویی زیاتری هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان باسی لەوەشکرد دیاریکردنی زەوی لە شارەوانییەکانی گەرمیان تەواو بووە و شوێنەکانیان دیاریکردووە. 
 
لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون، بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بەگوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.