کۆمیسیۆن پێنج کاخەزی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نموونە سەرەتاییەکانی پێنج کاخەزی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکردووە، چواریان کاخەزی دەنگدانی جیاوازی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و یەکێکیشیان هی دەنگدانی تایبەتە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێنج نموونەی سەرەتایی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد، هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەولێ، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، نموونەی کاخەزی تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لەوەش نموونەیەکی کاخەزەکە بۆ دەنگدانی تایبەت دەبێت."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە، ئەمە نموونەی کاخەزی کۆتایی دەنگدان بێت و گوتی: "ئەو کاخەزانە سەرەتایین، کاتێک کە تیروپشک بۆ هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسییەکان و بەربژێرانی تاکە کەس دەکرێت، ژمارەکانیان دەخرێتە سەر کاخەکە و دەبێتە کۆتایی و دەنگی لەسەر دەدرێت."
بە گوتەی جومانە غەلای لە نیوەی یەکەمی مانگی داهاتوو تیروپشک بۆ ئەو هاوپەیمانێتی و پارت و بەربژێرە تاکەکەسییانە دەکرێت کە بەشداردەبن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، دەشڵێت: "ژمارەی کاخەزەکانی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر دەبێت."
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 888 هەزار و 162 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.