لە شرنەخ 13 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستاندا 13 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکران.
 
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی پارێزگاری شرنەخ، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاکە لە هەفتەیەکدا لەو پارێزگایە ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی شانە نهێنییەکانی پەکەکە" دەستپێکردووە.
 
لەو ئۆپەراسیۆنەدا 13 کەس دەستگیرکران. دوای تەواوبوونی رێکاری ئیداری لە بارەگای ئاسایشی شرنەخ، رەوانەی دادگە کران. هەر 13 کەسەکە بە مەرجی دادوەری ئازادکران، بەڵام گەشتی دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەخە کرا.
 
لە رۆژی 21-7-2024ـەوە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی گەنجانی کورد لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە تۆمەتی گۆرانیگوتن بۆ پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکردووە. 
 
ئەمە گرژیی لە نێوان ئاکپارتی و دەم پارتی دروستکردووە و لە پەرلەمانی تورکیاش بووەتە رۆژەڤ. دەم پارتی رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرن و دەڵێن، گەنجانی کورد بەهۆی شایی و گۆرانیی کوردییەوە دەستگیر دەکرێن. بەڵام بەرپرسانی حکومەتی تورکیا رایدەگەیێنن کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە شایی و گۆرانیی کوردی نییە، بەڵکو گوتنەوەی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و بانگەشەیە بۆ پەکەکە.