لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری لە هەولێرن

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، لیژنەکە داوای راپۆرتێکی وردیان لە وەزارەتەکە لەبارەی زیانەکانەوە کردووە بۆ ئەوەی بدرێتە عێراق بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
 
کوردە عومەر، ئەندامی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و مەزەندەکردنی قەبارەی زیانەکانی سووتانی قەیسەریی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، بڕیارە دوای ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆببینەوە."
 
کوردە عومەر ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دا: "داوامان لە وەزیری ناوخۆ کرد راپۆرتێک بە زمانی عەرەبی بە بەڵگە و وێنە و ئامار و ژمارە لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر ئامادەبکرێت، داتای هەموو زیانلێکەوتووانی بە دووکاندار و دەستگێڕەوە تێدا بێت بۆ ئەوەی بدرێتە حکومەتی عێراق بەمەبەستی قەربووکردنەوەیان."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، هەوڵدەدەن لەرێگەی وەزیرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ قەربووکردنەوە دەستەبەر بکرێت کە بە گوتەی ئەو لە پارەی باری لەناکاوی بودجەی عێراق دەدرێت.
 
کاژێر 09:30ـی شەوی دووشەممە 5ـی ئایار، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆی 4000 دووکانی نێو بازاڕەکە، 227ـیان سووتان، یان زیانیان بەرکەوتووە.
 
موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆکی پەرلەمان رۆژی 9ـی ئایاری 2024،  بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی رووداوی سووتانی قەیسەریی هەولێر دەرکرد.
 
بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، دەکەوێتە سەنتەری شاری هەولێر.