رووداو دیجیتاڵ
مام عەبدولرەحمان زیاتر لە دوو مانگە بە تەنکی ئاو بۆ ماڵەکەی دەهێنێت، ئەو، دوو ساڵە جگە لە خەمی پەیداکردنی نان خەمی پەیداکردنی ئاویشی بۆ زیادبووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما، وەرزی ئاوکێشانی ئەویش دەستپێدەکات.
عەبدولرەحمان ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی 5ـی حەسارۆک لە هەولێر، دەڵێ "ماوەی دوو مانگ زیاترە بێ ئاوین، رۆژانە لە دووکانەکەم بە تەنکی ئاو بۆ ماڵ دەهێنم، ئەگەر وانەکەم، چی بکەین؟"
بێ ئاوی، تەنگی بە بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی 5ـی حەسارۆک هەڵچنیوە، بەجۆرێک ناچارن رۆژ نا رۆژێک تەنکیەک ئاو بە 10 بۆ 20 هەزار دینار بکڕن.
گۆران کامەران دانیشتووی گەڕەکەکەیە، بە رووداوی گوت "رۆژێک نا رۆژێک، بەناچاری دەبێت ئاو بکڕین، ناچارین ئاو نییە و هەر دەبێت بکڕین."
دانیشتوویەکی دیکەی 5ـی حەسارۆک بەناوی کەنعان کەریم دەڵێ "فەرمانگەی ئاوی هەولێر هاتوون، بەڵام تائێستا چاکیان نەکردووە. یەکێک لە ئەندازیارەکان شتی سەیری باس دەکرد، دەیگوت 'ئاوی ژێرزەوەی کەمیکردووە.' باشە بۆ لە 32 پارک ئاوی ژێرزەوی کەم ناکات؟"
ئەو ماڵانەی بێ ئاون، دەکەونە کۆتایی گەڕەکی 5 حەسارۆک و نزیکە 300 ماڵێک دەبن، دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن ئاوی ئیفرازیان لێ گیراوەتەوە و ئاوی بیرەکەشیان کەمیکردووە و توانای دابینکردنی ئاوی بۆ هەموو ماڵەکان نییە.
عەنیفە مستەفا، دانیشتووی گەڕەکەکە گوتی "هەر کە هاوین دێت، کێشەی کەمئاوی لێرە دەستپێدەکات، نازانین چی بکەین."
ژنێکی دیکەش بەناوی زوڵفا عومەر گوتی "دەڕۆینە ماڵی خزمان جل و شت دەشۆین، یان دەبێت ئاو بکڕین، یان چاوەڕێی دەزگای خێرخوازی بکەین."
بەشێک لە ماڵەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و لە ماڵی خزمەکانیان ئاوی خواردنەوە بە جلیکان بۆ خۆیان دەهێنن، بەشێکیش چاویان لە دەستی دەزگا خێرخوازییەکانە تاوەکو تەنکیەک ئاویان پێبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ