گفتوگۆ لەگەڵ سەدام؛ فوئاد مەعسوم داوای دەکرد تەقتەق بخرێتە سەر کوردستان

رووداو - دیجیتاڵ
 
لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991،  رژێمی بەعس داوای گفتوگۆی لە سەرکردایەتیی کورد کرد، یەکەمجار ئازاد بەرواری و فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ گفتوگۆ چوون بۆ بەغدا، کە گەڕانەوە گوتیان با وەفدێکی باڵا بچێت.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس، کە ئەندامی شاندی بەرەی کوردستانی بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی بەعس، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بەناوی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" باسی وردەکاری گفتوگۆکان و هۆکاری بێ ئەنجامبوونی گفتوگۆکان دەکات.
 
د. رۆژ دەڵێت: "لە بەرەی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی فراوانمان کرد، بڕیاردرا کە مام جەلال سەرۆکایەتی وەفدەکە بکات، خۆیشی زۆری پێ خۆشبوو، لە بەغدا ماچومووچێکی زۆریان لەگەڵ سەدام کرد، بووە جێی قسە و باس و رەخنەی خەڵک. کاک مەسعود مەبەستی بوو وەفدێک بچن بۆ لای سەدام کە بڵێ ئێمە هەموو یەکین بەرامبەر ئەو رژێمە، بۆیە لە وەفدەکەی پارتی کاک نێچیرڤان بارزانی دانا، کاک ئازاد و هەندێکی دیکەشمان ئەندامی وەفدەکەی پارتی بوون."
 
وەک دکتۆر رۆژ باسی دەکات، کاتێک مام جەلال گەڕاوەتەوە گوتوویەتی ئەو هەموو شتێکی تەواو کردووە، تەنیا دەیانەوێت کاک مەسعود بچێت تا هەموو شت ئیمزا بکرێت، کاتێک دەپرسن لەسەرچی رێککەوتوون؟ "هیچ" ، هیچ شتێک روون نەبوو.
 
د. رۆژ دەڵێت: "دەمانگوت لەسەر چی رێککەوتوون؟ ئۆتۆنۆمی راستەقینە، ئێ وردەکاریی  ئۆتۆنۆمی راستەقینە زۆرە، لەوانەیە باش بێت و لەوانەیە خراپ. بۆیە بڕیارماندا لێژنەیەک دروست بکەین و داواکارییەکانی کورد و شێوەی داواکراوی کارگێڕی و یاسایی کوردستانی عێراق بنووسێتەوە."
 
لێژنە کە پێکهاتبوون لە د.ڕۆژ، سەرۆکی لێژنە، کەریم ئەحمەد، سامی عەبدولڕەحمان، عومەر فەتاح، شەهید مولازم کەریم و رەسوڵ مامەند، لە رواندز راوێژ بە کۆمەڵێک دادوەر و یاساناس دەکەن. 
 
دوای ئامادەکردنی داواکارییەکانی کورد، شاندی بەرەی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاک مەسعود دەچنە بەغدا. د. رۆژ دەڵێت: "ئێمە پرۆژەیەکی تەواومان ئامادە کردبوو، ئەوان هەر لە سەرەتای چوونمانەوە هەوڵیان دەدا کە هیچ پرۆژەیەکمان نەبێت، گفتوگۆ و قسە بکەین و گەیشتینە چی، ئەوە پیادە بکرێت."
 
دانیشتنی یەکەمی شاندەکە لە بارەگای وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، لەلایەنی عێراقی هەر یەک لە عیززەت دووری، تارق عەزیز و حوسێن کامیل ئامادەی دانیشتنەکە دەبن. دکتۆر رۆژ دەڵێت: "هەر کە دانیشتین کاک سامی بە ناوی ئێمەوە دەستی بە قسە کرد، وەک ئەوەی سەرۆکی شاندەکە بێت، گوتی پرۆژەیەکمان هەیە و قسەی لەسەر بکەین، کە گوتیان با پڕۆژە نەبێت و گفتوگۆ بێت، ئەویش یەکسەر گوتی: باش. حوسێن کامیل زۆر بازاڕیانە قسەی دەکرد، کردی بە قڕەقڕ، دیاربوو دەیوست کۆبوونەوەکان تێکبدات. ئێمەش ناڕەزاییمان دەربڕی و گەڕاینەوە هوتێل."
 
لە دانیشتنی دووەمدا بڕیاردرا دوو لێژنە دروست بکرێت، ئەوانیش لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، کە نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامیق بوون و لەلای ئەوانیش عەلی حەسەن مەجید و حوسێن کامیل بوون. لێژنەی دووەمیش بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر یاسای ئۆتۆنۆمی، کە د.رۆژ، سامی عەبدولڕەحمان و کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی لێژنەکە بوون، لەلای ئەوانیشەوە تارق عەزیز.
 
سەبارەت بە ئەنجامی کاری لێژنەکان. د. رۆژ دەڵێت: "لەسەر دوو شت تاوەکو کۆتایی رێکنەکەوتین یەکەم کەرکووک و خانەقین، کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نەبوون، سەر بە کوردستان بن، لەبەر ئەوەی یەکەم نەوتی لێیە و رەنگە کوردستان بە ئاسانی لە ناوەند جیاببێتەوە، خانەقینیش لە سنووری ئێران نزیکە.  دووەمیش پرسی گرەنتیکردنی ئۆتۆنۆمییەکە بێت، ئێمە داوامانکرد کە دەستەیەکی باڵا هەبێت، ئەگەر ناویشی دادگەی دەستووری نەبێت، بەڵام یاساناسی هەردوولای تێدابێت.سەرۆکێکی هەبێت بە کۆمەڵێک مەرجەوە، کێشەکان کە چارەیان نەبوو لەوێ یەکلایی بکرێنەوە. تارق عەزیز دەیگوت: ئێوە ئەمەتان بۆچییە، بۆچی چاکە و پێویست نییە."
 
شاندی عێراق بەوە رازی دەبن دەستەکە دروست بکرێت، بڕیارەکانی دەستەکە بە زۆرینەی سادە بن، تارق عەزیز دەڵێت کەسی گونجاویش بۆ سەرۆکایەتیی دەستەکە هەیە کە هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە، کاتێکی وەفدی کوردی دەپرسن، کێ؟ ئەویش دەڵێت: "سەدام حوسێن". دکتۆر رۆژ دەڵێت: "هاتینەوە سەر سفر پێمان نەشاردرایەوە و پێکەنین، ئەمەیە کە دەڵێت: دووژمنەکەت ناوبژیوان بێت."
 
لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکاندا د. مەحمود عوسمانیش بەشدار بوو. د. رۆژ دەڵێت: "کە چووینەوە لە کۆبوونەوەی فراوانی بەرەی کوردستانی لە شەقڵاوە، مەحموود عوسمان زۆر رەخنەی هەبوو دەیگوت بۆ ئەمەتان نەکردووە و ئەوەتان نەگوتووە. پێمانگوت کەواتە خۆت وەرە و ئەو رۆڵە ببینە. ئەو ئەوکاتە سۆسیالیست بوو، سۆسیالیستیش رەسول مامەند و مامۆستا سەعدی ناردبوو."
 
د. رۆژ باسی هەڵوێستی کەس و لایەنەکانی دیکە لە کاتی گفتوگۆکاندا دەکات و دەڵێت: "ئەوەی تێبینیم کرد، ئەندامانی وەفد کە پارتی بوون زۆر سوور بوون لەسەر داواکارییەکان. بۆ مێژوو دەیڵێم نەوشیروان مستەفا زۆر شتی باشی پێشنیاز دەکرد، بەڵام کە ئەوان رەتیاندەکردەوە، ئەویش یەکسەر وازی دەهێنا، ئەوە نەبوو پێداگیری بکات."
 
د. رۆژ دەڵێت: "ئەوەی کە زۆر قسەی دەکرد لەسەر بابەتەکان من و کاک سامی عەبدولڕەحمان بووین، ئەوانەشی کە زۆر هەڵوێستمان لە یەک نزیک بوو، من و کاک کۆسرەت بووین، کاک کۆسرەت عەرەبییەکەی زۆرباش نەبوو، بەڵام هەوڵی دەدا هەڵوێستی خۆی دەردەبڕی و داکۆکی دەکرد. کاک سامی عەرەبییەکەی زۆر باش بوو، زۆر رەوانبێژیش بوو، بەڵام زۆر لەسەر شت پێی دانەدەگرت. من و کاک کۆسرەت نەماندەهێشت شتەکان تێپەڕبن، پێداگیریمان دەکرد."
 
داوەتەکانی بەرزان، عودەی و قوسەی
 
د. رۆژ لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات، ئەو کاتەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێم چوونەتە بەغدا ئێواران هەر جارێک بەرپرسێک داوەتی کردوون، تارق عەزیز چەند جارێک داوەتی کردن، هەروەها عەلی حەسەن مەجید، حوسێن کامل، قوسەی و عودەی و چەند بەرپرسێکی دیکە.
 
د. رۆژ دەڵێت: "جارێکیان عودەی لە یانەیەک داوەتی کردین، کە یانەی سەرکردەکانیان پێدەگوت، تایبەت بوو بە ئەفسەران، تەنیا ئەوانەی پلەکانیان عەمید و بەرەو سەرەوە هەبوو، بۆیان هەبوو بچنە ئەو یانەیە. بۆ ئێمە ئەو بانگهێشتە زۆر ناخۆش بوو، پێی ناڕەحەت دەبووین. ئێمە بۆ پرسێکی گەورە چووبووین، ئەوانیش بە کولتوورە ناجۆرەکەی لە خوێنیاندایە، حەزیان بە بەزم و سەمای گۆرانی شێوەی خۆیان و سوڕی کاولیان بوو. ئێمەش دەبووایە بچین، چونکە لە بەغدا بووین. دانیشتبووین، کابرایەکی درێژ هاتە ژووەرەوە قاتێکی سپی لەبەر بوو، سەری پاک تاشی بوو، شێوەی زۆر سەیر بوو، بەدکارانە بوو رێک هاتە ژوورەوە و لە تەنیشت کاک مەسعود دانیشت، قسەی بێ مانای دەکرد، پێکەنینێکی زۆر ناشیرینی هەبوو، کاک مەسعود زۆر پەست بوو رووی لە من کرد و گوتی: باشە وا رێکیش کەوتین، ئێمە چۆن لەگەڵ ئەوانە دەگونجێین، ناگونجێین."
 
قوسەی سەدام حوسێنیش دەعوەتی شاندی کوردی کردبوو، سەبارەت بە دەعوەتەکەی قوسەی. د. رۆژ دەڵێت: "ئەو ئەوە نەبوو تاوانباریێتی لە باوکی و براکەی کەمتر بێت، هەمان کولتووری سەما و گۆرانی و کاولیشی هەبوو، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەوان ئەوە بوو، کە لە قسەکردندا نەرم بوو."
 
شاندی کوردی ئێوارەیەکیان داوەتی بەرزان تکریتی برای سەددام دەبن. د. رۆژ دەڵێت: "لە دوورگەیەک بە ناوی سندباد داوەتی کردین، زۆر قەرەباڵغ نەبوو، بەرزان لەگەڵ من قسەی کرد و زۆر وەسفی پارتی کرد کە حیزبێکی بەهێزە و جەماوەری زۆرە، ئەو دەیویست رێکبکەوین و رێککەوتنەکە بکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دەیویست ئێمە بە هەموو شتێک رازی بین."
 
هەر سەبارەت بە داوەتەکەی بەرزان تکریتی، د. رۆژ دەڵێت: "داوەتەکەی هەندێک ئاستی بەرزتر بوو، ئیلهام مەدفەعی گۆرانیبێژە عێراقییەکەی هێنابوو، مۆسیقاکەش باش بوو، ئەوە نەبوو شوورەیی بێ گوێی لێ بگری. بەرزان ماوەیەک لە سویسرا ژیابوو، خۆی بە رۆشنبیر و دیپلۆمات و دنیادیدە دەزانی. بۆیە دەیویست ئەوە نیشان بدات، کە لەوان جیاوازە. بێگومان تارق عەزیزییش بە هەمانشێوە خۆی بە رۆشنبیر دەزانی."
 
"فوئاد مەعسوم داوای دەکرد تەقتەق بخرێتە سەر کوردستان"
 
د. رۆژ نووری شاوەیس لە بیرەوەرییەکانیدا بەسەرهاتێکی خۆش دەگێڕێتەوە، کە لە نێوان شاندی بەرەی کوردستانی و حکومەتی عێراق لە ساڵی 1991 بە تایبەتی لە نێوان فوئاد مەعسوم و تارق عەزیزدا روویداوە.
 
د. رۆژ دەڵێت: "لە ناو گفتوگۆکاندا شتی سەیر روویدا، ئێمە باسی یاسای ئۆتۆنۆمیمان دەکرد و هەروەها کەرکووک و خانەقینیش، ئێمە مەبەستمان بوو هەر ئەوە باسی سەرەکی بێت، دکتۆر فوئاد مەعسوم گوتی دەبێت تەقتەقیش بخرێتە نێو سنووری ئۆتۆنۆمییەوە، ئەوانیش رازی نەدەبوون  و دەیانگوت شتی وا نەبووە و نابێت."
 
هەر سەبارەت بەو گفتوگۆیە لەسەر تەقتەق، د. رۆژ دەڵێت: "فوئاد مەعسوم چەند دانیشتنێک هەر دووبارەی دەکردەوە، تا رۆژێکیان تارق عەزیز گوتی: (طگت روحی من طقطق) واتە تەقتەق دڵی تەقاندم. بەڵام دکتۆر فوئاد هەر کۆڵی نەدەدا، ئێمەش پشتیوانیمان دەکرد، هەر نەدەبووا پشتیوانی نەکەین و نەماندەزانی کە تەقتەق لە چوارچێوەی  یاسای ئۆتۆنۆمیدایە لەسەر کوێیە، تا گەڕاینەوە کوردستان و پرسیمان، دەرچوو تەقتەق هەر لە سنووری ئۆتۆنۆمیدایە، بەڵام لە چەندان دانیشتن  باس کرا، نە دکتۆر فوئاد وازی لە تەقتەق دەهێنا و نە ئەوانیش دەیاندا."
 
د.رۆژ و ئازاد بەرواری بە بارمتە لە بەغدا دەمێننەوە
 
شاندی کوردی چەند جارێک بە مەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدا دەکەن، بە گوتەی د. رۆژ دووجار بۆ ماوەی 40 رۆژ لەگەڵ کاک مەسعود لە بەغدا ماونەتەوە. د. رۆژ دەڵێت: "لە ماوەی ئەو دوو چل رۆژەدا کە گفتوگۆ هەبوو، من و کاک ئازاد و برادەرێکی دیکە وەکو بارمتە ماینەوە بۆ گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی وەفدەکان. مانگێک لەمەوبەر (ئابی 2020) لەگەڵ کاک ئازاد باسی ئەوەمان دەکرد کە ئەو ماوەیە لە بەغدا بووین بارودۆخمان چۆن بوو، گوتم، ئێمە وەکو بارمتە ماینەوە. گوتی: وەک بارمتەی چی! ئێمە بارمتە بووین."
 
"یاسر عەرەفات داوای کرد لەگەڵ سەدام رێکبکەوین."
 
د. رۆژ باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئەوکاتی عێراق زۆر مەبەستی بووە لەگەڵ  کورد رێکبکەوێت و دەڵێت: "ئەوان مەبەستیان بوو رێککەون، نیشانەی زۆر هەبوون، لەوانە یاسر عەرەفات کە ئەوکاتە وا بزانم بارەگای لە تونس بوو، بە تایبەتی هات لە جێی حەوانەوەمان لەگەڵ کاک مەسعود دانیشت. داوای دەکرد و هانی دەداین کە رێککەوین لەگەڵ حکومەتی بەغدا. ئاشکرابوو بە هاندانی رژێمی سەددام هاتبوو."
 
د. رۆژ هۆکاری شکستهێنانی گفتوگۆکان لەگەڵ رژێمی بەعس روودەندەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو کودەتایەی لە سۆڤیەت روویدا و شیوعییەکان کردیان، زۆر کاری لەسەر رژێم کرد، ئەوان ئەو کودەتایەیان بە خاڵی دەربازبوون دانا بۆ خۆیان لەو قەیرانەی کە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان تێیکەوتبوون، بۆیە هەر زوو دوای ئەو رووداوە کە هەستیان کرد ئیشیان بە ئێمە نەماوە، خۆیان دوورخستەوە. ئیدی وردە ناکۆکی دروستبوو وەفدەکەی ئێمە گەڕایەوە کوردستان."